پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان

19/05/2017 07:24:00 ص

لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، لە ساڵی 1992 و لە هەلومەرجێكی چارەنووسسازدا، گەلی كوردستان بە هەموو چین و توێژەكانیەوە ڕوویان لە سەندووقەكانی دەنگدان كرد بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بۆ یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان.

  لە یادی ئەم رۆژەدا، كە بە رۆژێكی مێژوویی و بەردی بناغەی دیموكراسی لە كوردستاندا هەژماردەكرێت، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی كوردستان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین، كە لە سایەی خوێنی پیرۆزیانەوە ئەم دەسكەوتە تۆماركراو بووە بنەمای دامەزراندنی یەكەمین كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 4/7/1992 دا، بەمەش قۆناغێكی نوێی خەباتی دیمۆكراسی و خۆبەرێوەبردنی گەلی كوردستان دەستیپێكرد و لەسەر ئاستی دەرەوەش دەنگی دایەوە و بووە جێگەی بایەخپێدانی ڕای گشتیی جیهان .

   پەرلەمانی كوردستان لە چوار خولی تەمەنیدا هەمیشە بەگیانی بەرپرسیارێتییەوە و پاراستنی بەرژەوەندە گشتییەكانی كوردستان و یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، كاری كردووە و سەدان یاسا و بڕیاری گرنگ دەرچواندووە و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بەرچاوی وەرگرتووە و ڕۆڵێكی سەرەكیشی هەبووە لە پرۆسەی سیاسی و بووژانەوە و گەشەكردنی  ئابووری و بوارەكان كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و خۆشگوزەرانی و هەموو بوارەكانی تری ژیان. لە بواری چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەتیش، پەرلەمان درێغی نەكردووە و بەدواداچوونی خواستەكانی گەل لە سەرۆی ئەركەكانی خۆی زانیوە.  

    ئەمڕۆش لەساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان، وێرای شانازیمان بەو هەنگاو و قۆناغە تەشریعی و سیاسییانەی كە پەرلەمان بڕیووە، هەلومەرجی سیاسی كوردستان و عیراق و ناوچەكە بەگشتی، پێشهات و گۆرانكاری خێرا بەخۆیەوە دەبینێت و دڵنیاین كە میللەتەكەمان، بەپشتبەستن بە ئەزموون و خەباتە مێژووییەكەی و متمانەی بە خۆی و تواناكانی، لەسەر هەموو كێشە و كۆسپ و گرفتەكان زاڵدەبێت و بەوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان دەكات و نەخشەی ئایندەی خۆی بەهەمان جۆش و خرۆشی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكێشێت و پرسە چارەنووسسازەكەی، كە دەیان ساڵە خەباتی لەپێناوی كردووە، بەشێوەیەكی پراكتیكی و وەكو هەنگاوی یەكەم، لەرێگەی رێفراندۆمەوە یەكلایی دەكاتەوە.

   جارێكی تر ساڵیادی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان لە گەلی كوردستان پیرۆزدەكەین و نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی گەلەكەمان.

 

  

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

19/5/2017


رۆژمێرى رووداوه‌كان