جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن دەكات

10/08/2017 02:28:00 م

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/8/2017 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لە "هانس پێتەر لێنز" باڵیۆزی وڵاتی سویسرا لە ئوردن و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتە جیاجیاكاندا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی باڵیۆزی سویسرا بۆ كوردستان دەربڕی و هەوڵەكانی سویسرا بۆ پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان لە قۆناخە سەختەكاندا بەرز نرخاند و هیوای خواست ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا زیاتر گەشەسەندنی بە خۆیەوە ببینێت.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تیشكی خستە سەر رەوشی ناوخۆی عیراق بە گشتی و كەڵەكەبوونی كێشەكان و بێئۆمێدی گەلی كوردستان لە بەرقەراربوونی ئاشتی و دیمۆكراسی لە عیراقدا، كە بەرەو سیاسەتی خۆسەپاندن و تاكڕەوی دەروات، و هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەیەكی گونجاو بۆ زامنكردنی ئاشتی و پێكەوەژیان و دیمۆكراسی بۆ هەموو پێكهاتەكانی خەڵكی كوردستان ، ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ئەم خەڵكە و بەپێی ئەو مافەی كە بە هەرێمی كوردستان دراوە لە دەستووری عیراقدا و رایگەیاند كە سەقامگیری هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی بەهێزی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا و داوای لە وڵاتی سویسرا كرد پشتیوانییەكی بەهێزی ئەم مافەی گەلی كوردستان بكەن.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی ئاماژەی بە هەوڵەكانی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كرد و ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم و یەكهەڵویستی هەموو لایەنەكانی كوردستان لەسەر ئەم پرسە.

لە لایەن خۆشیەوە  "هانس پێتەر لێنز" باڵیۆزی وڵاتی سویسرا لە ئوردن سەرەخۆشی خۆی و وڵاتەكەی بۆ قوربانییانی شەری دژی تیرۆر دەربڕی و پەسنی هەوڵەكانی گەلی كوردستانی كرد لە پاراستنی گیانی پێكەوەژیان و رووبەڕووبوونەوەی كێشە و تەحەددییەكان وئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی گەلی كوردستان.


رۆژمێرى رووداوه‌كان