جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێز له‌چالاكوانێكی بواری ئافره‌تان ده‌گرێت

22/08/2017 10:44:00 ص
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 2017/8/22، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جیگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌نوسینگه‌ی خۆی له‌ته‌لاری په‌رله‌مان، به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌خاتوو گه‌لاوێژ جه‌عفه‌ر بامه‌ڕنی، چالاكوان له‌بواری ئافره‌تان.
له‌دیدارێكدا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانی گه‌یانده‌ خاتوو گه‌ڵاویژ  بامه‌ڕنی،  به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌رك و ماندووبوونه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا وه‌ك ئافره‌تێكی خۆبه‌خش  هه‌ڵساوه‌ به‌هاوكاریكردنی كچان و ئافره‌تانی ئێزدی له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌و ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌كاره‌كه‌ی و هیوای خواست نموونه‌ى ئه‌مجۆره‌ ئافره‌تانه‌ زۆربێت بۆ خزمه‌تكردن به‌خانمان له‌هه‌ر بوارێك كه‌پێویست بێت.
له‌به‌رامبه‌ردا خاتوو گه‌لاوێژ جه‌عفه‌ر بامه‌ڕنی، سوپاسى جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازیی رێزلێنانه‌ى و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌له‌سه‌ر كاره‌كانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌و رێزلێنانه‌ش زیاتر هانده‌ریان ده‌بێت بۆ خزمه‌تكردنی زیاتر به‌ئافره‌تان و كچانی ئێزدی.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، دیاریی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌خشییه‌  خاتوو  گه‌لاویژ جه‌عفه‌ر بامه‌ڕنی، به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌رك و ماندووبوونه‌ی كه‌وا له‌ماوه‌ی رابردوودا بۆ هاوكاریكردنی كچان و ئافره‌تانی ئێزدی كردوویه‌تی. 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان