پەرلەمانی كوردستان بریارەكانی حكومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رەتدەكاتەوە

30/09/2017 07:02:00 م

سەعات ٣ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 30/9/2017، پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان، بەشی دووەمی دانیشتنی ژمارە (2)ی ئاساییی خولی پایزە، ساڵی چوارەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی بەئامادەبوونی وەزیری گواستنەوەو نوێنەری یاسایی حكومەتی هەرێم ئەنجامدا.

بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بەردەووامبوون بوو لەسەر وەڵامی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەدوایین هەڵوێست و بریارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بەریفراندۆمی هەرێمی كوردستان. پەرلەمانتارانی بەشداربووی دانیشتنەكە، بۆچوون و سەرنجەكانی خۆیان دەربری و لەلایەن نوێنەرانی حكومەت كە ئامادەی دانیشتنەكە بوون روونكردنەوەی یاسایی و ئیداریی لەبارەی پێشنیازو سەرنجەكانی پەرلەمانتاران خرانەروو.

دواتر لەسەر راسپادەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان سەرجەم پێشنیازو بۆچوونەكانی لەچەند خاڵێكدا پوختكردەوەو تێدا هاتووە: دوای رەتكركردنەوەی  بریارەكانی حكومەتی فیدراڵ وئەنجومەنی نوێنەران، پەرلەمانی كوردستان پشتگیری تەواوەتی لەبریارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەكات سەبارەت بەو هەنگاوانەی حكومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە دژ بەهەرێم ناویەنەو هەروەها پەرلەمانی كوردستان داوا لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات نێوەندگیری بكەن و هەروەك لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمیش رادەسپێرێت بۆ ئەنجامدانی هەر دیالۆگ و گفتوگۆیەك بۆ چارەسەریی كێشەكان و سوپاسی هەڵوێستی مەرجەعی باڵای شیعەكان بەرێز سیستانی كرا دەربارەی هەڵوێستە ئاشتیخوازەكانی لەسەر كێشەكان. لە كۆتاییدا  بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكران.


رۆژمێرى رووداوه‌كان