پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەیادی "جاردانی فیدرالی"دا

04/10/2017 07:24:00 ص

لە 4/10/1992 وەك تاكە چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان و رزگاركردنی عیراق لەهەڵوەشاندن، پەرلەمانی كوردستان لەهەنگاوێكی مێژووییدا بڕیاریدا پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلانی عێراق، لەسەر بنەمای فیدرالیزم رێكبخرێتەوە.

 بێگومان ئەو بڕیارە بوێرانە، دەربڕینێكی ئازادو راستەقینەی گەلی كوردستان بوو، بە پشتبەستن بە مافی چارەی خۆنووسین و لەهەلومەرجێكی سەختی سیاسی و ئاڵۆز لەناوچەكەدا درا، كە ئەو كات كوردستان لەژێر بارێكی قورسی دوو ئابلووقەی ئابووریدابوو .

 ئەودەمەی ئەو بڕیارەی تێدا درا، ناوچەكانی تری عێراق لەژێردەستی رژێمی دیكتاتۆریی "سەدام حوسێن"دا بوون، لەهەمان كاتیشدا وڵاتانی ناوچەكە لەو پەرەسەندنە نوێیە نیگەرانبوون كەبەسەر كێشەی كورد لەعێراقدا هاتبوو پاش دەستنیشانكردنی ناوچەی دژەفڕین لەسەرووی هێڵی 36 لەلایەن هاوپەیمانانەوەو بە مەترسییەكی جدییان دادەنا بۆ سەر ئارامی و یەكێتیی نیشتمانیی خۆیان. بەڵام دوای رووخانی رژێمی "سەدام حوسێن" لە 9ی نیسانی 2003 ئەو دەرفەتە فەراهەم بوو كە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای دیموكراسی و فیدرالیزم بنیات بنرێتەوە، بۆ یەكەمین جاریش لە " قانونی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەی راگواستنەوە " لە ئاداری 2004 دا، بنەماكانی سیستەمێكی سیاسی فیدرالی جێگەی بۆكرایەوەو پاشان لەدەستووری 2005 دا ئەو بنەمایانە چەسپێندران.

دواتر ئەزموونی هەرێمی كوردستان، ئەو راستییەی سەلماند كەفیدرالیزم وەك سیستەمێكی سیاسیی و میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەتەوەیی و شێوەیەك لەشێوەكانی دابەشكردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان لەنێوان هەرێم و دامودەزگا فیدرالییەكاندا، رێگەیەكە بۆ چارەسەركردنی ئاریشەكانی نێوان پێكهاتەكان و پێكەوەژیانی ئاشتییانەو بنیاتنانی متمانەو سازانی نیشتمانی و هێنانەدیی سەقامگیری. هەر لەم سۆنگەیەشەوە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، لەهەر دانوستاندنێكدا، جێبەجێكردنی دەستوورو چەسپاندنی سیستەمی سیاسیی دیموكراتی پەرلەمانی فیدرالی لە ئەولەوییاتی خواستەكانی گەلی كوردستانی دانا وەك دەرفەتێكی گونجاو بۆ رزگاربوون لەقەیرانەكان، بەڵام بەداخەوە حكومەتەكانی بەغدا پێگیرییان بەو دەستوورە نەكردو بەدەیان ماددە دەستوورییەكان پێشێلكران تا گەیشتە رادەی بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان، بۆیە گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان رێگەچارەیەكی تری گرتەبەرو ئەنجامدانی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بە گونجاوترین رێگە زانی و پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنێكی نائاساییدا لە 15/9/2017، رۆژی 25/9/2017 ی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پەسندكردو پرۆسەكە ئەنجامدراو 92.73 لەسەدی خەڵكی كوردستان دەنگی بەبەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستانداو لەو رۆژەوە كوردستان بەقۆناغێكی واقعی نوێوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە دەكات سەرەڕای هەرەشەكانی بەغداو چەند وڵاتێكی دراوسێ.

 بەم بۆنەیەوە، ئەو بڕیارە چارەنووسسازەی پەرلەمانی كوردستان"بڕیاری فیدراڵی" لەساڵی 1992دا بەرزدەنرخێنین و سڵاو بۆ پەرلەمەنتارانی خولی یەكەم دەنێرین كە بەپشتیوانیی خەڵكی كوردستان ئەو بڕیارە مێژووییەیان پەسندكرد.

 

جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

4/10/2017


رۆژمێرى رووداوه‌كان