جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازيی له‌ شاندێكی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌هه‌ولێر كرد

07/11/2017 01:36:00 م
ئه‌مڕۆ  سێشه‌ممه‌ 7/11/2017، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و راوێژكارانی په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌شاندێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد، كه‌پێكهاتبوو له‌ روه‌یده‌ الحاج به‌ڕێوه‌به‌ری مافی مرۆڤ له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و شاندی یاوه‌ری له‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی كوردستان و عێراق و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ و ئاواره‌ بوونی ژماریه‌كی زۆرى خه‌ڵكی بێتاوان له‌ ده‌ست داعش و له‌م دواییه‌ش ئاواره‌بوونی  ژماره‌یه‌كی زۆرى خه‌ڵك به‌هۆی هێرشه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌تایبه‌ت مه‌سیحییه‌كان كه‌ له‌ حاڵه‌تێكی خراپ و له‌ ترسی شه‌ڕ  له‌و سنوورانه‌ ژیان ده‌گوزه‌رێنن.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌هه‌ولێر، داواكاریی كریستیانه‌كانی  دهۆكى  كه‌ تایبه‌ته‌ به‌كێشه‌ی زه‌وی و زاری مه‌سیحییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ تا ئیستا بۆیان یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ نێوان دانیشتوانیان كه‌ له‌پارێزگای دهۆكه‌ و  داوایانكرد چاره‌سه‌ری گونجاو به‌گشتی بۆ  كێشه‌ی زه‌وی و زارى دانیشتوانی ئه‌م سنووره‌  بدۆزرێته‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماده‌یی ته‌واوی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانی ده‌ربڕی بۆ چاره‌سه‌ركردنی گشت كێشه‌كان ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێ به‌كاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ و رایگه‌یاند: "رێز له‌ داواكاریی هه‌موو پێكهاته‌ن ده‌گیرێت و هاوكارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌ی  كه‌ڕووبه‌ڕووی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك و هه‌ر تاكێكی كوردستان  ده‌بێته‌وه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان