جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ كونسوڵی میسر له‌ هه‌ولێر ده‌كات

07/11/2017 01:42:00 م
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7/11/2017، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌دكتۆر عومه‌ر فه‌همی كونسوڵی میسر له‌هه‌ولێر كرد. 
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ په‌یوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كورد و میسر كرا له‌ڕووی سیاسی و مێژوویی و رۆشنبیریدا.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان كوردستان و عێراق و ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیی عێراقدا هه‌ن  تا ده‌گاته‌ هێرشی ئه‌مدواییه‌ كه‌كرایه‌ سه‌ر خه‌ڵكی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌ریًمی كوردستان، هه‌روه‌ها باسی له‌ رۆلی په‌رله‌مان له‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌سه‌ر هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تری هه‌رێم په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كرد، 
هه‌رله‌دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان و حكومه‌تی هه‌ریًمی كوردستان كرد بۆ دیالۆگ و دانیشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، كه‌ تائێستا له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ وه‌ڵامنه‌دراوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاند: "پێویسته‌ حكومه‌تی فیدراڵى رێز له‌ داخوازییه‌كانی گه‌لی كوردستان و ده‌ستووری عێراق بگرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان".
لای خۆیه‌وه‌ كونسولی میسر ده‌ستخۆشیی له‌هێزی پێشمه‌رگه‌و گه‌لی كوردستان كرد كه‌به‌شێوه‌یه‌كی ئازایانه‌ توانییان رووبه‌ڕووی دعش ببنه‌وه‌ و تێكی بشكێنن و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی بۆ هه‌رجۆره‌ هاوكارییه‌ك و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌پێناو پاراستن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی له‌ مێژینه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كورد و میسر ده‌ربڕی.

رۆژمێرى رووداوه‌كان