لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانی به‌كاربه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ده‌كات

08/11/2017 06:09:00 ص
رۆژی 7/11/2017، لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیى ماجد عوسمان، سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دوایین پێشهاته‌كان و ره‌وشی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌ریًَمی كوردستان دوای بڕیاره‌كانی حكومه‌تی به‌غدا له‌ دانانی ئابڵووقه‌ و داخستنی سنووره‌كان و هاورده‌كردنی كۆمه‌ڵێك شتوومه‌ك و خۆراكی زیانبه‌خش كه‌ له‌ ده‌روازه‌كانه‌وه‌ به‌هۆی لاوازیی كۆنترۆڵكردن و سه‌رپێچیی هه‌ندێ له‌ كۆمپانیاكان و بارزرگانان ده‌هنێرنه‌ ناو هه‌رێمی كوردستان  كرا، وه‌ك هێنانی سووته‌مه‌نی و به‌نزینی كوالیتی خراپ له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌ك و مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیی كوشنده‌ به‌هۆی ئه‌و به‌نزینه‌ خراپانه‌وه‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا بانگهێشتی لیژنه‌كانی پشكنین و چاودێریی بازاڕه‌كان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت بۆ په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ئه‌رك و چالاكییه‌كانیان و  هه‌ماهه‌نگیكردن و ده‌ربڕینی پاڵپشتی بۆیان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
هه‌روه‌ها بڕیاردرا به‌پێكهێنانی چه‌ند لیژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ بۆ سه‌ردانیكردنى خاڵه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێم بۆ دڵنیابوون له‌ چۆنیه‌تیی هاورده‌ و هه‌نارده‌كردنی كه‌لوپه‌ل و شتوومه‌ك و وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر داهاته‌كانیان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌كه‌ خۆشحاڵی خۆی بۆ به‌ ئه‌ندامبوونی عێراق له‌ رێكخراوی بازرگانیی جیهانی ده‌ربڕی به‌پێی نووسراوی دیوانی چاودێریی داراییی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ 3/73611 له‌ 8/10/2017. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان