جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی رێكخراوە ngo یەكانی گەرمیان دەكات

08/11/2017 01:30:00 م

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/11/2017، دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی خاتوو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان، پێشوازیی لە شاندێكی رێكخراوە ngo یەكانی گەرمیان كرد.

لە دانیشتنەكەدا شاندی میوان یادداشتێكیان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كرد، كە تیایدا داوایانكردووە كۆبوونەوەیەكی فراوان بە بەشداری سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ، هەروەها هەڵبژاردنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان هاوكاتبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان رێكارە یاساییەكان بگرێتە بەر بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ئامادەكردنی تۆمارێكی تەندروست بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان جەختیكردەوە كە دەبێت هەموو پرسە نیشتمانییەكان بە سازان و رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان ئەنجامدەدرێت و پێویستە فراكسیۆنە كوردستانیەكانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان هەماهەنگ و هاوكاربن بۆ چارەسەكردنی كێشە و گرفتەكان و بە یەك هەڵوێستی و تەبایی نێوان سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان پشتگیریی و پشتیوانیی شاندی حكومەتی هەرێم بكەن بۆ گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ .


رۆژمێرى رووداوه‌كان