راگه‌یه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق و فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان

13/11/2017 02:16:00 م
رۆژى دووشه‌ممه‌ كاتژمێر11ى پێشنیوه‌رۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شی سه‌رۆكایه‌تيى په‌رله‌مانى كوردستان و، فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق و فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
دوابه‌دواى ده‌رده‌شه‌كردنى كۆی دۆخه‌كه‌ و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى كه‌ پێویستن بگیرێنه‌به‌ر له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و هه‌ماهه‌نگى ته‌واوه‌تى هه‌ردوولا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ جه‌ختیان لێكرایه‌وه‌:
1- له‌ پێناو به‌هێزكردنى پێگه‌ى كورد و گه‌لی كوردستان له‌ ئاستى عێراق، هه‌ماهه‌نگى  ته‌واوه‌تى و یه‌كگوتارى فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ ده‌سته‌به‌رى یه‌كریزى میلله‌كه‌مان بكرێت و ده‌رفه‌ت بۆ هیچ جۆره‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوێك نه‌هێڵدرێته‌وه‌ كه‌ ببێته‌ هۆى لاوازى گوتارى گه‌لی كوردستان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى تواناكانى ده‌خاته‌ گه‌ر.
2- پێویسته‌ هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێنه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رێكارى یاسایی و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌ ئاستى نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تى بخاته‌گه‌ڕ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراقی فیدراڵدا بۆ پاراستنى مافی گه‌له‌كه‌مان و شایسته‌ داراییه‌كانى و پشكى 17%ى بودجه‌ كه‌ رێكه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه‌ پێشووتر، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش توانا و پێگه‌ى نوێنه‌رانى گه‌لى كوردستان له‌ به‌غدا له‌ هه‌ر ئاست و پله‌یه‌كدابن به‌كاربهێنرێت له‌ پێناوى ده‌سته‌به‌ركردنى ژیان و گوزه‌رانێكى شایسته‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان، له‌م رووه‌شه‌وه‌ حكومه‌ت سه‌ر پشك ده‌بێت له‌ هه‌ر جۆره‌ رێكه‌وتنێك كه‌ پێویست بكات.
3- هه‌نگاوه‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌تى فیدراڵى عێراق له‌ تێپه‌راندنى هه‌ر جۆره‌ یاسا و بڕیارێك كه‌ پێشێلی ده‌ستوور و رێكه‌وتنه‌كانى نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فیدڕاڵى بكات ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ مه‌بده‌ئی ته‌وافق كارى پێبكرێت و رۆڵى فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان به‌گشتى بخرێته‌گه‌ڕ تا مافی گه‌لی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى یاسا و ده‌ستووردا پارێزراوبێت.
4- پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌نجامدانى دانووستانه‌كاندا زانیارى و سه‌رنجى نوێنه‌رانى گه‌لی كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ هه‌ند وه‌ربگرێت و راوێژ و هه‌ماهه‌نگى ته‌واویان هه‌بێت.
5- ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان دووچارى دۆخێكى نه‌خوازراو بوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆى ئه‌و پێشێلكارى و تاوانانه‌ى له‌ رووداوه‌كانى ئه‌م دواییانه‌دا به‌سه‌ریاندا هاتووه‌، بۆیه‌ له‌ پێناو به‌دواداچوونى وورد و مه‌یدانى و كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى ته‌واو به‌ دۆكیۆمێنت كردنى هه‌ردوولا هاوكار و هه‌ماهه‌نگى ته‌واوى یه‌كترى ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كۆى ئه‌و گرفتانه‌ى به‌هۆى ئه‌م دۆخه‌وه‌ دووچارى دانیشتوانه‌كانى بۆته‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كان، چاره‌سه‌رى به‌په‌له‌ش خۆى له‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و رێكه‌وتنى به‌په‌له‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ته‌واوى زیان لێكه‌وتووانى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌بینێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ى چاره‌نووسیان به‌پێى ده‌ستوور یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌ رابردوو پێویستمان به‌ رۆڵى نوێنه‌رانى گه‌لى كوردستانه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنى مادده‌ى/140و كارا كردنه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كانى ئه‌م مادده‌یه‌.
6- په‌رله‌مانى كوردستان پاڵپشتى ته‌واوى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كات به‌ گشتى، له‌ هه‌مان كاتدا داكۆكى ته‌واویش له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ به‌رێزانه‌ ده‌كات كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى دادگایكردن به‌هۆى به‌شدارى كردنیان له‌ پڕۆسه‌ى ریفراندۆم كه‌ مافێكى دیموكراتى گه‌لانه‌.
7- جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ دانووستانێكى راشكاو و به‌رهه‌مدار په‌له‌ی لێ بكرێت و له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌نه‌بوونى حكومه‌تى عێراق بۆ دانووستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا بژارده‌ى كشانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ى سیاسی عێراق بابه‌تێكى كراوه‌یه‌ و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ كۆ ده‌نگى بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان