لیژنه‌ی ته‌ندروستی پلان و به‌رنامه‌ى كارى داهاتووى داڕشت

14/11/2017 01:57:00 م
به‌مه‌به‌ستی دانانى پلان و به‌رنامه‌ی كارى لیژنه‌كه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوودا و تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ كاروبارى لیژنه‌كه‌، سه‌عات 10ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ  14/11/2017، لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی زولفا مه‌حمود، سه‌رۆكى لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونى بڕیارده‌ر و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ پلان و به‌رنامه‌ى كارى لیژنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ى داهاتوو ده‌ستنیشانكرد، له‌وانه‌، سه‌ردانیكردنی مه‌یدانیی چه‌ند شوێنێكی پێویست له‌ ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان به‌پێی ئه‌و سكاڵایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ به‌ده‌ست لیژنه‌كه‌ گه‌یشتوون، هه‌روه‌ها ئاماده‌كردنى راپۆرتى لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ی كه‌ به‌ده‌ست لیژنه‌كه‌ گه‌یشتوون و ئاراسته‌كردنی بۆ لیژنه‌ی كاروباری یاسایی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی راى خۆیان له‌سه‌ریان بۆئه‌وه‌ى بخرێنه‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی گفوگۆكردن و په‌سندكردنیان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاسای چاندن و گواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ی مرۆڤ كه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م مادده‌كانی دراوه‌ جگه‌ له‌ بڕگه‌ی سزاكان نه‌بێت، لیژنه‌ نووسراوێكی ئاراسته‌ی لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی كرد بۆئه‌وه‌ى له‌ نزیكترین كاتدا بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كار و یاساكه‌ په‌سند بكرێت.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ بڕیاریدا بانگهێشتی سه‌رۆكی سه‌ندیكای ده‌رمانسازان و لێپرسراوی به‌شی ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ لیژنه‌كه‌ بۆ  قسه‌كردن له‌سه‌ر هۆكارى جیاوازیی نرخی ده‌رمان له‌ بازاڕه‌كاندا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان