لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ئافره‌ت سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ده‌كات

04/12/2017 04:40:00 ص
بە مەبەستى هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان پەڕلەمانى کوردستان و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێكی لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت لە پەڕلەمانى کوردستان کە پێکهاتبوو لە ئیڤار ئیبراهیم، سەرۆکى لێژنە و کەژاڵ هادى، جێگرى سەرۆکى لێژنە و حەیات مەجید، بڕیاردەرى لیژنە و ڤیان عباس، ئەندامى لیژنەكه‌، سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هه‌رێمی كوردستانیان کردو لەلایەن فەلاح مستەفا، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا کە خاتوو سیهام جەبەلى، یاریدەده‌رى بەرپرسى فەرمانگەكه ئامادەیبوو، ئێڤار ئیبراهیم، سەرۆکى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت لە پەڕلەمانى کوردستان، ئامانجى سەردانەکەى روونکردەوە کە به‌ نیازن سەردانى ئەو دامەزراوانە بکەن کە دەتوانن لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوەدا لەگەڵ لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت لە پەڕلەمانى کوردستان هاوکاربن بۆ پەرەپێدانى تواناکانى ئافرەتان و مسۆگەرکردنى بەشداریى کاراى کچان و ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا، بە تایبەت لە پرۆسەى ئاشتبوونەوەو رێگەگرتن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دانانى سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەى کە بەرامبەر ئافرەتان دەکرێت.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لە بارودۆخى ئەو ئافرەتانە کرا کە بوونەتە قوربانیى دەستى تیرۆریستانى داعش و تیشک خرایە سەر چۆنیەتیى هاوکاریکردنى ئەو قوربانییانە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ژیانى ئاسایی. 
هه‌روه‌ها باس لە گرنگیى لە نزیکەوە کارکردن و ئاگاداربوون لەگەڵ کونسوڵگەرییەکان و ئاژانسەکانى سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان كرا.
لەلایەن خۆیەوە فەلاح مستەفا، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هه‌رێم، وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت لە پەڕلەمانى کوردستان، دەستخۆشیى ئەم هەوڵەى لێکردن و گووتى: "بەهۆى تاوانەکانى تیرۆریستانى داعش و قەیران و ململانێکان و کارەساتى سروشتى ژمارەیەکى زۆرى ئافرەت و منداڵ بوونەته‌ قوربانى و پێویستیى زۆریان بەوە هەیە كه‌ بە هەموولایەک هاوکارییان بین و کۆمەک و یارمەتییان پێشکەش بکەین، دەبێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانى دونیاى سەردەم بایەخى زیاتر بە تواناو هاتنەپێشى ژنان بدەین لەسەرجەم کایەکانى بەرێوەبردنى وڵاتدا".
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لە هەماهەنگیى نێوان فەرمانگەو لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت لە پەڕلەمانى کوردستان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرا لە رێگەى نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە هەرێم و نوێنەرایەتییەکانى حکومەت لە دەرەوە.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت گووتى: "بارودۆخەکە دەخوازێت کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى زیاتر بێتە پێش بۆ چارەسەرکردنى دەروونى و جەستەیى ئەو ئافرەتانەى بوونەتە قوربانیى دەستى تیرۆریستانى داعش، هاوکات ئامادەیى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى خستەڕوو بۆ دروستکردنى هەماهەنگى لە نێوان لیژنەى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ئافرەت لە پەڕلەمانى کوردستان و هەموو ئەو لایەنە نێودەوڵەتییانەى کە دەتوانن بە شێوەیەک لە شێوەکان یارمەتیى کچان و ژنانى هەرێمى کوردستان بدەن".

رۆژمێرى رووداوه‌كان