لیژنه‌ی كشتوكاڵ و رێكخراوى JDAJ باس له‌ په‌ره‌پێدانى كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌كه‌ن

07/12/2017 02:03:00 م
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 7/12/2017 لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و ئاودێری و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان،  له‌گه‌ڵ رێكخراوى JDAJ  كۆبۆوه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ گرنگیدان و په‌ره‌پێدانى كه‌رتى كشتوكاڵ كرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی یه‌عقوب گۆرگیس، سه‌رۆكی لیژنه‌ و  ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیارده‌ر و زۆربه‌ی ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، له‌گه‌ڵ رێكخراوى JDAJ دۆستانى نێونه‌ته‌وه‌یى بۆ په‌ره‌پێدانى هاوبه‌شى ئه‌مریكى باس له‌ چۆنیه‌تیى گه‌شه‌پێدانى كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارى كرا.
له‌ به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین بیرۆكه‌ و پێشنیاز باسیان لێوه‌كرا كه‌ ده‌بنه‌هۆى پێشخشتنى سێكته‌رى كشتوكاڵ و ئاودێرى له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ رێكخراوه‌كه‌ ئاماده‌یى ته‌واوى خۆیان نیشاندا بۆ هاوكاریكردنى  هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى كشتوكاڵدا و داواشیان كرد لیژنه‌كه‌ هاوكار بێت له‌ دابینكردنى زه‌وى بۆ ئه‌نجامدانى  توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى.
له‌ به‌رامبه‌ردا لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و ئاودێری و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان  ئاماده‌یى خۆى بۆ هاوكاریى سه‌رخستنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌ربڕى، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌كه‌.
رێكخراوى JDAJ  دۆستانى نێونه‌ته‌وه‌یى بۆ په‌ره‌ پێدانى  هاوبه‌شى ئه‌مریكى راهێنانى به‌ 60 هه‌زار  جووتیارى ئه‌فغانى كردووه‌ و له‌ مانگى چوارى ئه‌مساڵ مۆڵه‌تى كاركردنى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان وه‌رگرتووه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان