لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت راپۆرتێك له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى به‌رامبه‌ر به‌ ژنانى دووزخوورماتوو ئاماده‌ ده‌كات

11/12/2017 02:39:00 م
به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنى راپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژی و پێشێلكارییانه‌ى كه‌ هێزه‌كانی سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى به‌رامبه‌ر به‌ به‌شێك له‌ ژنانی دووزخوورماتوو ئه‌نجامیان داون، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 10/12/2017، شاندێكى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ ئێڤار ئیبراهیم، سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ و كه‌ژاڵ هادى، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ و حه‌یات مه‌جید، بڕیارده‌رى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانى مه‌یدانیى ئیداره‌ى گه‌رمیان-یان كرد به‌ مه‌به‌ستى بینینى ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ ده‌ستدرێژییان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدراوه‌.
سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ سه‌ردانى قایمقامییه‌تى قه‌زاى كه‌لار-یان كرد و له‌گه‌ڵ شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاكه‌ كۆبوونه‌وه‌ و ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یان خسته‌ڕوو و له‌وباره‌یه‌وه‌ ئێڤار ئیبراهیم، سه‌رۆكى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت له‌په‌رله‌مانى كوردستان، رایگه‌یاند: "ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یان ئاماده‌كردنى راپۆرتێكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژی و پێشێلكارییانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبی-یه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنانى قه‌زاى دووزخوورماتوو ئه‌نجام دراون".
 دواتر لیژنه‌كه‌ سه‌ردانى سه‌ڵاح كوێخا نه‌جم، سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان-یان كرد و له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى به‌هاناوه‌چوونى خه‌ڵكى دووزخوورماتوو ئاماده‌یبوو به‌ وردى باس له‌ ژیان و گوزه‌رانى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ كرا كه‌ به‌هۆى مه‌ترسییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ دووزخوورماتوو ماڵ و حاڵى خۆیان جێهێشتووه‌ و ئاواره‌ى گه‌رمیان بوون.
دواى وه‌رگرتنى ئامارى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ و پێداویستییه‌كانیان، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان و سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان  ئامانجى سه‌ردانى شاندى لیژنه‌كه‌ بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن خرایه‌ڕوو.
 
 
 
له‌سه‌ره‌تاى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، سه‌ڵاح كوێخا نه‌جم، سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان وێڕاى ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریى خۆى بۆ لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌یان، داواكارییه‌كانی خه‌ڵكه‌ ئاواره‌كه‌ و ئیداره‌ى گه‌رمیانی خسته‌ڕِِوو.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ ئێڤار ئیبراهیم، سه‌رۆكى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "دواى ئاماده‌كردنى راپۆرته‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژى و پێشێلكارییانه‌، ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستى كاركردن له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ و په‌رله‌مانیش هه‌نگاوى پێویست له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌نێت".
دواتر كه‌ژاڵ هادى، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌، له‌وته‌یه‌كی كورتدا رایگه‌یاند: "له‌ هه‌موو شه‌ڕێكدا ژنان قوربانیى یه‌كه‌من و كه‌مترین ئاوڕیشیان لێده‌ده‌رێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر ژنانى دووزخوورماتوو هاتووه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ى جدیى له‌سه‌ر بكرێت و چیتر كاره‌ساتی له‌وجۆره‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌".
له‌ وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌نووسانیشدا حه‌یات مه‌جید، بڕیارده‌رى لیژنه‌كه‌، باسى له‌وه‌كرد، كه‌دواى ته‌واوبوونى سه‌ردانى مه‌یدانى و ئاماده‌كردنى راپۆرت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیى وڵاتان كۆبوونه‌وه‌ ده‌كرێت و له‌ رێگه‌ى لۆبیى كوردى كار له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌ ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا. 
 
 
 
پاشان لیژنه‌كه‌ سه‌ردانى قایمقامییه‌تى قه‌زاى كفرى-یان كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ قایمقامی قه‌زاكه‌، باس له‌ ره‌وشى خه‌ڵكى دووزخوورماتوو كرا كه‌ له‌ سنووره‌كه‌ نیشته‌جێبوون، هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان سه‌ردانى نه‌وجول-یان كرد و ژماره‌یه‌ك له‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ی دووزخوورماتوو-یان به‌سه‌ر كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ناحیه‌كه‌ نیشته‌جێبوون.
ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى دووزخوورماتوو كه‌ له‌ ناحیه‌ى نه‌وجول نیشته‌جێبوون به‌ لیژنه‌كه‌یان راگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان جگه‌ له‌ دابینكردنى پێداویستیى رۆژانه‌ به‌ گرنگى ده‌زانن ئارامى بۆ شاره‌كه‌یان بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌وانیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانى خۆیان.
له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌ مه‌دانییه‌كه‌یاندا شانده‌كه‌ى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانى كه‌مپى تازه‌دێ-یان كرد كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكى دووزخوورماتوو له‌و كه‌مپه‌ نیشته‌جێبوون و خه‌ڵكه‌كه‌ باسیان له‌وه‌ كرد له‌ ئێستادا كه‌ وه‌رزى زستانه‌ بارودۆخیان زۆر خراپه‌ و داوایانكرد به‌په‌له‌ ئاوڕێكیان لێبدرێته‌وه‌.
 
 
له‌ كۆتایى سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كه‌یاندا شانده‌كه‌ى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى قایمقامییه‌تى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان-یان كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ قایمقامی قه‌زاكه‌، باسیان له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى 12/11/2017 كرد و لاى خۆیه‌وه‌ قایقمامى قه‌زاكه‌ چه‌ند داواكارییه‌كى به‌په‌له‌ى قه‌زاكه‌ى به‌ لیژنه‌كه‌ راگه‌یاند و لیژنه‌كه‌ش به‌ڵێنیاندا كه‌سبه‌ى دووشه‌ممه‌ سه‌ردانى د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى بكه‌ن و داواكارییه‌كانى تریش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنیان.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

<كانون الثاني 2018>
سأاثأخج
303112345
6789101112
13141516171819
20212223242526
272829303112
3456789