لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبۆوه‌

16/01/2018 02:01:00 م
له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروباری ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 16/1/2018، لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌سه‌رپه‌رشتیی زانا عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و به‌شێك له‌ به‌ڕێوبه‌ر و به‌رپرسانی فه‌رمانگه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌رله‌مان بوو كه‌ ئامانج لێی باسكردن بوو له‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان له‌ ئێستادا و چۆنیه‌تیی هه‌نگاونان به‌ره‌و باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌هه‌ماهه‌نگیی په‌رله‌مانی كوردستان.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌كه‌ باسی له‌ هه‌یكه‌لی كارگێریِی فه‌رمانگه‌كه‌ كرد و شێوازی ڕاییكردنی كاروباره‌كانی بۆ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ روونكرده‌وه‌.
له‌كۆتایشدا تیشك خرایه‌سه‌ر گرنگیی به‌هێزیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان و زه‌روریه‌تی په‌یوه‌ندیی به‌هێزی نێوانیان دووپاتكرایه‌وه‌.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان