دۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم تاووتوێ ده‌كرێت

16/01/2018 09:24:00 م
بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامیى بارودۆخى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیدارى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند خاڵێك گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێت، سه‌عات (11:00)ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2018/1/16، به‌سه‌رپه‌رشتیى شوان شێخ ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى گشتیى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم كۆبۆوه‌.
له‌ ته‌لارى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ به‌شداریى جێگر و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ و شاندێكى ده‌سته‌ى گشتیى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم گفتوگۆ له‌سه‌ر بارودۆخى كه‌ركوك و خورماتوو كرا بۆئه‌وه‌ى میكانیزمێك بدۆزرێته‌وه‌ تا هاووڵاتییانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ترس و دڵه‌ڕاوكێ زرگاریان بێت.
هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ باس له‌وه‌ كرا كه‌ پێویسته‌ بابه‌تى مادده‌ى 140 له‌لایه‌ن نوێنه‌رانى كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌جدى قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت و له‌رێگه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌وڵه‌كان چڕبكرێنه‌وه‌ تا ئه‌و مادده‌یه‌ جێبه‌جێبكرێت.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكبوون كه‌ ده‌بێ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا مادده‌ى 140 ئه‌وله‌ویه‌تى كاره‌كانیان بێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان