كاره‌كانی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ی په‌رله‌مان روونكرايه وه‌

22/01/2018 05:03:00 م
به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ئاشنابوون به‌ كاره‌كانیان، سه‌عات 11:30ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 22/1/2018، لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و نوێنه‌ارنی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و سامانه‌ سروشتییه‌كان و نوێنه‌ری كۆمپانیای دیلۆیتی جیهانیی تایبه‌ت به‌وردبینیكردن له‌ چۆنیه‌تیی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتى هه‌رێم، كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌ری كۆمپانیای دیلۆیتی جیهانیی تایبه‌ت به‌وردبینیكردن له‌ چۆنیه‌تیی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتى هه‌رێم، روونكردنه‌وه‌ی پێویست و ورد له‌باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ په‌رله‌مانتاران خرایه‌ڕوو.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نوێنه‌ری كۆمپانیای دیلۆیت چۆنیه‌تیی شێوازی كاركردنی كۆمپانیاكه‌ى له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و چۆنیه‌تیی كاری وردبینیكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانی بۆ په‌رله‌مانتاران روونكرده‌وه‌. له‌به‌شێكی دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌داتا و زانیارییه‌وه‌، له‌لایه‌ن نوێنه‌ری كۆمپانیای دیلۆیت كۆی پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2017ى وه‌ك نموونه‌ی كار بۆ په‌رله‌مانتاران خرایه‌ڕوو.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، له‌لایه‌ن سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و نوێنه‌ارنی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و سامانه‌ سروشتییه‌كان، چه‌ندین زانیاری و داتا له‌باره‌ی لێپرسراویه‌تییه‌ قانوونی و ته‌كنیكییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌كاری میرییه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران خرانه‌ڕوو.
دواتر له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ی په‌رله‌مان، چه‌ندین پرسیار له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی فرۆشتنی نه‌وت له‌به‌نده‌ری جیهان و داهاتی گشتی كه‌ له‌رێگه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌ تانكه‌رو پشك و داهاتی پاڵاوگه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ئاراسته‌ی سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و نوێنه‌ارنی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و سامانه‌ سروشتییه‌كان كران. 
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی پرسیاره‌كانیشدا، چه‌ندین پرسیار له‌رووی كارو لایه‌نی ته‌كنیكیی كۆمپانیای دیلۆیته‌وه‌ ئاراسته‌ی نوێنه‌ری كۆمپانیاكه‌ كران. 
له‌به‌رامبه‌ریشدا ورده‌كاریی چۆنیه‌تیی فرۆشتن و داهاته‌كان به‌پێی نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2017 كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای دیلۆیته‌وه‌ ته‌واوكراوه‌، وه‌ڵامی په‌رله‌مانتاران درانه‌وه‌.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌كانی هه‌ردوولایه‌نی په‌رله‌مانی و حكومه‌ت به‌رده‌وامییان پێبدرێت و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاردرا سێشه‌ممه‌ی داهاتووش كۆببنه‌وه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان