لیژنه‌ى كاروبارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسیى هه‌رێم كۆبۆوه‌

24/01/2018 06:12:00 ص
به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردن و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ پرۆسه‌ى وردبینیكردنی لیستی تۆماری ده‌نگده‌ران و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن كه‌ بڕیاره‌ له‌چه‌ند مانگى داهاتوودا ئه‌نجامبدرێت، رۆژی سێشه‌ممه‌ 2018/1/23، لیژنه‌ی كاروبارى په‌رله‌مان، به‌سه‌رپه‌رشتیى قاره‌مان قادر، سه‌رۆكى لیژنه‌ى و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌،  له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى كۆمیسیارانى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسى له‌ هه‌رێم كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش كاتژمێری خایاند، به‌وردی پرۆسه‌ى وردبینیكردنى لیستى تۆمارى ده‌نگده‌ران له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان شیكرایه‌وه‌و داواش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرا پشتیوانی ته‌واویان بكه‌ن بۆ باشتركردنی راییكردنی كاره‌كانیان.
 كۆمیسیۆن به‌لیژنه‌كه‌ى راگه‌یاند كه‌ به‌رده‌وامن له‌ وردبینیكردنی تۆماری ده‌نگده‌ران و پاككردنه‌وه‌ى  له‌ ناوی مردووان و ناوى دووباره‌، به‌ڵام تائێستا وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و داد، وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی كۆمیسیۆنیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌پێدانی لیستی ناوی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كانیان و مردووان.
له‌به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر كار و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن كراو له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران به‌ لیژنه‌كه‌ راگه‌یه‌ندرا هه‌ركات واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریكرا ئه‌وه‌ كۆمیسیۆن پێویستیی به‌ ١٠٥ رۆژ ده‌بێ بۆ ئاماده‌كاریییه‌كان و ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌شیان بڕی ٢٩ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دیناری په‌سه‌ند كردووه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان.
له‌لایه‌ن كۆمیسیۆن بۆ لیژنه‌كه‌ ئه‌وه‌ روونكرایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر یاساكه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌ یاخود گۆڕانكاریی به‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی داوایان كردووه‌ بێت ئه‌وه‌ گۆڕانگاری به‌سه‌ر ئه‌و ١٠٥ رۆژه‌ دێت كه‌ دیاریكراوه‌ بۆ ئاماده‌كارییه‌كان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان