لیژنه‌ى یاسایى پڕۆژه‌ یاسای هه‌موارى سێیه‌می یاسای پارێزه‌ران تاووتوێ ده‌كات

29/01/2018 08:42:00 ص
به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای هه‌موارى سێیه‌می یاسای پارێزه‌ران، لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى كۆبۆوه‌.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29/1/2018، لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتیی د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی ئه‌ندمانى كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایى خۆى ئه‌نجامدا .
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای هه‌موارى سێیه‌می یاسای پارێزه‌ران ژماره‌ 17ى ساڵى 1999 كرا كه‌ دوو پڕِۆژه‌ یاسا بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیى لیژنه‌كه‌ كراون و خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆ كراوه‌ و ئاراسته‌ى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كراون.
بڕیاره‌ دواى گفتوگۆكردنى مادده‌ و بڕگه‌كانى پڕۆژه‌ هه‌مواره‌كه‌ و وه‌رگرتنى سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازى ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ له‌باره‌یه‌وه‌، راپۆرتى كۆتایی لیژنه‌كه‌ى له‌سه‌ر ئاماده‌بكرێت و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ته‌واوكردنى رێكاره‌ یاساییه‌كانی و خستنه‌ نێو به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان