بڕیارده‌ری لیژنه‌ی وه‌رزش و لاوان هه‌ڵبژێردرا

30/01/2018 09:42:00 ص
لیژنه‌ی وه‌رزش و لاوان كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا و ئاڵوگۆر له‌ پۆستی بڕیارده‌ری لیژنه‌كه‌ كرا و پرٍۆژه‌ یاسای یانه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا.
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30/1/2018، لیژنه‌ی وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی ڤه‌مان فه‌یسه‌ڵ، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ده‌نگی ته‌واوی ئاماده‌بووان په‌رله‌مانتار گۆران مه‌حمود ئیسماعیل، وه‌ك بڕیارده‌ری لیژنه‌ى وه‌رزش و لاوان هه‌ڵبژێردرا كه‌ پێشتر ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار سوهراب میكائیل به‌شێوه‌یه‌كی كاتی پڕ كرابۆوه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای (یانه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان) كرا، كه‌ ئامانج لێی رێكخستن و دانانی په‌یڕه‌وه‌ بۆ یانه‌ وه‌رزشییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشچوونی بواری وه‌رزشی.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا كۆمه‌ڵێك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ و سه‌ردانیكردن ساز بكرێت له‌گه‌ڵ یانه‌ وه‌رزشییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كاركردن له‌سه‌ر نه‌هێشتنی ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی بواری وه‌رزشى له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان