راپۆرتى هاوبه‌ش له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای داگیركردنى موڵكى گشتى به‌مه‌به‌ستى دروستكردنی باخ ئاماده‌ ده‌كرێت

30/01/2018 09:49:00 ص
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30/1/2018،  لیژنه‌ی ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی كشتوكاڵ  و ئاژه‌ڵداری و ئاودێری و به‌نداوه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى  داگیركردنى موڵكى گشتى به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنی باخ ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ پڕۆژه‌ یاسای داگیركردنى موڵكى گشتى به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى باخ كه‌ له‌ 17/1/2018، ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ئاراسته‌ى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ى كردبوو  خوێندرایه‌وه‌ و دواتر به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆى وردیان له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانى پڕۆژه‌كه‌ كرد به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنى راپۆرتى هاوبه‌شى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ له‌سه‌رى.
بڕیاره‌ دواى گفتوگۆكردنى و وه‌رگرتنی سه‌رنج و تێبینى و پێشنیازى ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانى هه‌ردوو  لیژنه‌كه‌ له‌سه‌رى، راپۆرتى هاوبه‌ش و كۆتایی  هه‌ردوو لیژنه‌ی ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ وگه‌یاندن و گه‌شتوگوزار و  لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری وئاودێری و به‌نداوه‌كانى له‌سه‌ر ئاماده‌ بكرێت و ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی رێكاره‌ یاساییه‌كان و خستنه‌ نێو به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ نزیكترین كاتدا.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان