لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی زانكۆكانی هه‌رێم له‌باره‌ی سیسته‌می وه‌رگرتنی كاندیدانی خوێندنی دكتۆراو ماسته‌ر ئه‌نجامدا

05/02/2018 09:05:00 م
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 05/02/2018، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی زانكۆكانی هه‌رێم و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم، له‌باره‌ی سیسته‌می وه‌رگرتنی كاندیدانی خوێندنی دكتۆرا و ماسته‌ر ئه‌نجامدا. 
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی  لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌رله‌مان به‌ریَِوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی سیسته‌می وه‌رگرتنی كاندیدانی خوێندنی دكتۆراو ماسته‌ر كرا. 
له‌ده‌سپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ سیمینارێكی كورت له‌باره‌ی ئامانجه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و كوالیتیی خوێندنی زانكۆكانی هه‌رێم و په‌یوه‌ندی به‌ستن به‌تۆڕه‌ جیهانییه‌كانی خوێندنه‌وه‌ بۆ ئاماده‌بووان پێشكه‌شكرا.
دواتر سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا پرسیارو تێبینییه‌كییان له‌باره‌ی سیسته‌می وه‌رگرتنی كاندیدانی خوێندنی دكتۆراو ماسته‌رو به‌تایبه‌تیش له‌باره‌ی پرۆسه‌ی توانستی زمانی ئینگلیزی رووبه‌ڕووی سه‌رۆكی زانكۆكانی هه‌رێم و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم كرد.
له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی زانكۆكانی هه‌رێم و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ندین زانیاری و داتا له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی په‌یڕه‌وكردنی توانستی زمانی ئینگلیزی بۆ په‌رله‌مانتاران روونكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی دانانی پێوه‌ره‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمییانه‌ ئه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران روونكرایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی جیهان له‌باره‌ی زانست و په‌روه‌رده‌وه‌ به‌ده‌ستهاتوون و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی فراوانبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی زانكۆو دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌م پێوه‌رانه‌ دیاریكراون و كه‌ بۆ پێشخستنی ژێرخانی زانستی به‌بێ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانستی زمانی ئینگلیزی هیچ ئامانجێك به‌ده‌ست نایه‌ت، بۆیه‌ ئه‌وان كاریان له‌سه‌ر هه‌م له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌رانه‌ كردووه‌و هه‌میش كردوویانه‌ته‌ مه‌رج بۆ زانكۆو دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیاندا ئه‌وه‌شییان خسته‌ڕوو، كه‌ پرۆسه‌ی توانستی زمانی ئینگلیزی خزمه‌ت به‌هه‌ردوو لایه‌نی زانكۆو دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵاو هه‌میش خزمه‌ت به‌كاندیدان ده‌كات له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی و ئه‌كادیمییه‌كانیان.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، هه‌ردوو لایه‌نی په‌رله‌مانی و زانكۆو دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵاو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هاوڕابوون له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی میكانزم و چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ پرسی توانستی زمانی ئینگلیزی به‌مه‌رجێك كار له‌ئاست و كوالیتی نه‌كات و ببێته‌ هانده‌رێك و پردێك بۆئه‌وه‌ی كاندیدانیش بتوانن سوودی لێببینن، هه‌روه‌ها هانده‌ریش بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان