لیژنه‌ی بازرگانی به‌دواداچوون له‌سه‌ر وه‌رگرتنى باج ده‌كات

06/02/2018 08:12:00 ص
به‌مه‌به‌ستى ئاگاداربوون له‌شێوازى وه‌رگرتنى باج له‌ كۆمپانیاكان و ئه‌و كێشه‌و گرفت و كۆسپانه‌ى دێنه‌ به‌رده‌میان، رۆژى دووشه‌ممه‌ 2018/2/5، شاندێكی لیژنه‌ى بازرگانى و پاراستنى مافى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تیی ماجد عوسمان، سه‌رۆكى لیژنه‌ و یاوه‌ریی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانێكى مه‌یدانییان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى گشتیى باجى كۆمپانیاكان و خانووبه‌ره‌ى میرى و گشتیى كاره‌باى هه‌ولێر كرد.
له‌و سه‌ردانه‌دا لیژنه‌كه‌ به‌وردى گفتوگۆى له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى وه‌رگرتنى باج و ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى رۆژانه‌ رووبه‌ڕووى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان ده‌بنه‌وه‌ كرد و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیى باجى كۆمپانیاكان و خانووبه‌ره‌ى میرى داوایان  له‌ په‌رله‌مان كرد وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى گرنگ هاوكار و پشتیوانییان بن له‌سه‌رخستنى كاره‌كانیان و له‌كوێ پێویستییان به‌هه‌موارى یاسا هه‌بێ ئاماده‌ییان تێدابێت.
پاشان لیژنه‌كه‌ سه‌ردانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كاره‌باى هه‌ولێرى كرد و به‌هه‌مان شێوه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر شێوازى زیادكردنى نرخه‌كانى كاره‌با كرد، له‌وێ به‌لیژنه‌كه‌ راگه‌یه‌ندرا كه‌نرخى زیادكردنى كاره‌با، ماڵان و پڕۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان ناگرێته‌وه‌.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان