په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى شه‌هیدان گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى ده‌كه‌ن

06/02/2018 04:57:00 م
به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى له‌ خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌كان، لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كۆبۆوه‌.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 6/2/2018، لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان،  له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراون كۆبۆوه‌. 
كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر فه‌سڵى  سێیه‌م/ مادده‌ى حه‌فته‌مى پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى له‌ خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌كان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ رێكسختنه‌وه‌ى ماف و ئیمتیازاته‌كانى وارسی كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى و راگیراوان.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  گفتوگۆى ورد له‌سه‌ر ماف و ئیمتیازاته‌كانى وارسی كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى و راگیراوان كرا بۆئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى شایسته‌ن ده‌ستكارى مافه‌كانیان نه‌كرێت و به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه‌ له‌هه‌ر شوێنێك كه‌سێك كه‌ شایسته‌ نه‌بێت و ناوی كه‌وتبێته‌ ناو لیسته‌كه‌ ده‌ربهێندرێت.
پڕٍۆژه‌ یاساى چاكسازى له‌ خانه‌نشینى و ده‌رماڵه‌ و ئیمتیازاته‌كان، له‌ 3/1/2018، حكومه‌تى هه‌رێم ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستانى كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى 10/1/2018،  په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ كرا و ئاراسته‌ى شه‌ش لیژنه‌ى په‌رله‌مانى كرا،  له‌ ئێستادا رۆژانه‌ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانى پڕۆژه‌ یاساكه‌ ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستى ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى.

رۆژمێرى رووداوه‌كان