له درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ رۆژئاوای كوردستان، شاندی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانی عه‌فرین-یان كرد و له‌وێ له‌لایه‌ن عوسمان شێخ عیسا و هیفا مسته‌فا، هاوسه‌رۆكانی ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردنی عه‌فرین و جه‌ماوه‌رێكی زۆرى شاره‌كه پێشوازییان لێكرا.
له دیدارێكدا شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ رۆژئاواى كوردستان روونكرده‌وه كه بۆ له نزیكه‌وه ئاگاداربوونه له ره‌وشی ناوچه‌كه و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ئه‌و شوێنانه‌ی كه زه‌ره‌روزیانیان به‌ركه‌وتووه له ئه‌نجامى تۆپبارانكردنی له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه، هه‌روه‌ها ده‌ربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانیی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ رۆژئاوا و جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كگرتوویی كورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و راگرتنی تۆپبارانه‌كان بۆ سه‌ر خه‌ڵكی سیڤیل كرده‌وه و دا‌واشیان كرد زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ جێگه‌ی شه‌ڕ و ئاشوب بگرێته‌وه و به‌زووترین كات شه‌ڕ كۆتایی پێبێت.
له‌به‌رامبه‌ردا هاوسه‌رۆكانی ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردنی عه‌فرین، وێڕای به‌خێرهێنانی شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان، هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی كوردستانیان بۆ رۆژئاوا به‌رزنرخاند.
رۆژی 2018/2/10، شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان كه پێكهاتبوو له عه‌لی هالۆ، عه‌باس فه‌تاح، شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین، ئه‌بو كاروان و سوهراب میكائیل، به نوێنه‌رایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ره‌و رۆژئاوای كوردستان به‌رێكه‌وتن.