پڕۆژه‌ یاسای زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت په‌سند كرا

12/02/2018 09:15:00 م
سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2018/2/12، په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (8)ى ئاساییی خولی پاییزه‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ پێنج خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت، به‌پێی ماده‌كانى (72،74،75)، له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای به‌ركاركردنی یاسای هه‌مواری بیسته‌می یاسای میلاكات، ژماره‌ 20ى ساڵی 1960ى هه‌مواركراو له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی ماده‌كانی (72،74،75)، له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای به‌ركاركردنی یاسای نه‌هێشتنی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ، ژماره‌ 28ى ساڵی 2012ى عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی ماده‌كانی (72،74،75)، له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی چواره‌میش بریتی بوو له‌ زیادكردن و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان: (ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز دلێر مسته‌فا حه‌سه‌ن، له‌ لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانی جینۆساید، زیادكردنی ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز ئارى عه‌بدولله‌تیف مه‌ولود، بۆ سه‌ر لیژنه‌ی رۆشنبیری و راگه‌یاندن و هونه‌ر، به‌پێی ماده‌ی (44) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی پێنجه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئاماده‌كراوه‌، به‌پێی بڕیاری ژماره‌ (26)ى ساڵی 2014 و بڕگه‌ی (8) له‌ مادده‌ى (په‌نجاو شه‌شه‌م)ى یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ى (94)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ى هه‌مواركراو. 
پاشان له‌لایه‌ن خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، پوخته‌ى كۆنووسی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مانیش خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌دانیشتنی پێشوو مۆڵه‌ت بوون یاخود ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نه‌بوون و ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌شی كه‌ بۆ دانیشتنی ئه‌مڕۆ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتبوو خوێندرایه‌وه‌.
به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیاز كرا خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كار بكرێته‌ خاڵی یه‌كه‌م و ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه‌، به‌مجۆره‌ خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ى كار وه‌ك خۆیان مانه‌وه‌.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نه‌ورۆز مه‌ولود، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و سینان چه‌له‌بی، وه‌زیری دادی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و كشتوكاڵ ئاماده‌یبوون، راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌كانی (كاروبارى یاسایی) و (دارایی و كاروبارى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان) و (ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار) و (كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارى و ئاودێری و به‌نداوه‌كان) و (ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان)، سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاسای زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت، خوێندرایه‌وه‌.
 
 
 
دواتر سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێشنیازی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌رچوار لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار بكرێته‌ بنه‌مای گفتوگۆكان و ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكرا و له‌لایه‌ن لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ پڕۆژه‌ یاسای زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌ش بۆ په‌رله‌مانتاران ماده‌ به‌ماده‌ خرایه‌ڕوو كه‌ له‌ 21 مادده‌ پێكهاتبوو.
سه‌رجه‌م ماده‌كان به‌جیا گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ چه‌ندین پێشنیاز و سه‌رنج بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژه‌كه‌ خرانه‌ڕوو. 
ماده‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م تایبه‌تبوون به‌زاراوه‌و ئامانجه‌كان و په‌سندكردنی ماده‌ی یه‌كه‌م به‌كۆی ده‌نگ و دووه‌میش به‌زۆرینه‌. ماده‌كانی سێیه‌م و چواره‌میش تایبه‌تبوون به‌پیاده‌كردنی یاساكه‌ له‌سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارو په‌سندكردنی هه‌ردووكیان به‌كۆی ده‌نگ بوو.
ماده‌كانی پێنجه‌م تایانزده‌یه‌م به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌ش تایبه‌تبوون به‌حوكمه‌ رێكارییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی ئیدارییه‌وه‌، هه‌ردوو ماده‌ی پێنجه‌م و شه‌شه‌م به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ و حه‌فته‌م و هه‌شته‌میش به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكران. هه‌ردوو ماده‌كانی نۆیه‌م و ده‌یه‌م له‌چوارچێوه‌ی ماده‌یه‌ك یه‌كخران و زنجیره‌ی ماده‌ی نۆی وه‌رگرت و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش په‌سندكراو ماده‌ی یانزده‌یه‌میش به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
 
 
 
ماده‌كانی دوانزده‌یه‌م تا هه‌ژده‌یه‌م به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌ش تایبه‌تبوون به‌حوكمه‌ سزاییه‌كان و رێژه‌ی غه‌رامه‌و ماوه‌ی زیندانیكردنه‌كان، په‌سندكردنی ماده‌ی دوانزده‌یه‌م به‌زۆرینه‌و ماده‌كانی سێزده‌یه‌م و چوارده‌یه‌م و پانزده‌یه‌م به‌كۆی ده‌نگ بوو. ماده‌كانی شانزده‌یه‌م و حه‌ڤده‌یه‌میش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكران.
ماده‌كانی هه‌ژده‌یه‌م تا بیست و یه‌كه‌م به‌پێی راپۆرتی هاوبه‌ش تایبه‌تبوون به‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كان و په‌سندكردنی هه‌ر چوار ماده‌كه‌و هۆكاری ده‌رچوونی به‌كۆی ده‌نگ بوو.
دواتر سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كۆی پڕۆژه‌ یاساكه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكراو له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ د.جه‌عفه‌ر ئێمینكی، سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌ سوپاسی ئاماده‌بووان و وه‌زیری شاره‌وانی و وه‌زیری داد و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و دارایی و كشتوكاڵی كرد به‌بۆنه‌ی ده‌رچوونی یاساكه‌و پیرۆزبایی له‌گه‌لی كوردستان كردو سوپاسی په‌رله‌مانتارانی كرد. هه‌روه‌ها بریاریشدرا سه‌عات 11 ی پێشنیوه‌ڕۆی سبه‌ی 13/02/2018 ، دانیشتنی په‌رله‌مان به‌رده‌وام بێت بۆ ته‌واوكردنی به‌رنامه‌ی كار.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان