سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ شاندی په‌رله‌مان بۆ رۆژئاوا كۆبۆوه‌

20/02/2018 04:33:00 ص
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19/2/2018 دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ شاری عه‌فرین كۆبۆوه‌.
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی په‌رله‌مانی كوردستانى گه‌یانده‌ شاندی په‌رله‌مان كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ بارودۆخی شاری عه‌فرین سه‌ردانی رۆژئاواى كوردستانیان كردبوو، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ چوونی ئه‌و شانده‌ كرد و گوتی: "په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئه‌ركێكی نیشتیمانی و دیموكراسی و مرۆڤایه‌تیی خۆی هه‌ڵساوه‌ بۆ به‌داواداچوون و وه‌رگرتنی زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و شاره‌ و ئاواره‌بوونی خه‌ڵكی سیڤیل و چوونی ئاو شانده‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستتێوه‌ردان نییه‌ له‌ كاروبارى هیچ ولاتێك و پێویسته‌ به‌ رێگه‌ی دیالۆگ و گفتۆگۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوانیان بكرێت و خه‌ڵكی سیڤیل نه‌بێته‌ قوربانی و هیچ كێشه‌یه‌ك به‌رێگه‌ی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نابێت و په‌یامی ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مان و خه‌ڵكی كوردستان بۆ گشت لایه‌ك په‌یامی ئاشتی و ته‌بایی و مرۆڤایه‌تی و دیموكراسییه‌".
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بێگه‌رد تاله‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان سوپاس و ده‌ستخۆشیی له‌ شاندی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ به‌ئه‌ركێكی نیشتیمان هه‌ڵساون و رایگه‌یاند: "ئه‌و شانده‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بوونه‌ بۆئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌و باردۆخه‌ بن كه‌ له‌ عه‌فرین رووده‌دات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌خوازێت ئاسایش و ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رقه‌رار بێت".
پاشان شاندی په‌رله‌مانی كوردستان كورته‌یه‌ك له‌سه‌ردانه‌كه‌یان و بارودۆخی رۆژئاوا و ناوچه‌ی عه‌فرین-یان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان روونكرده‌وه‌ و راپۆرتی سه‌ردانه‌كه‌یان پێشكه‌شی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان