سێ ماده‌ى دیكه‌ له‌ پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان په‌سند كرا

22/02/2018 04:59:00 م
په‌رله‌مانى كوردستان سێ ماده‌ى دیكه‌ی له‌ پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌سند كرد.
سه‌عات 10ى به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2018/2/22، په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (11)ى ئاساییی خولی پاییزه‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.
له‌ دانیشتنه‌كه‌دا كه‌ درێژه‌دان بوو به‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابوورى و مه‌حمود حاجی صالح، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و شاندێكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران به‌شداربوون تێیدا، ماده‌ى چواره‌مى پڕۆژه‌ یاساكه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى گشت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فه‌رمانگه‌ و یه‌كه‌كانى كارگێڕى كه‌ مووچه‌یان تیا خه‌رجده‌كرێت و خستنه‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خانه‌نشینى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى، مادده‌ى پێنجه‌میش راستكردنه‌وه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى سه‌رجه‌م خانه‌نشینى بوون كه‌ به‌ده‌ر له‌ یاسا ئه‌نجامدراون، به‌شى سێیه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ رێكخستنه‌وه‌ى ماف و ئیمتیازاتى میراتگرانى كه‌سوكارى شه‌هیدان و  ئه‌نفالكراوان و  زیندانیان و راگیراوانى سیاسى كه‌ له‌ نۆ بڕگه‌ پێكهاتبوو، دوای گفتوگۆكردنیان و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان به‌ڕه‌چاوكردنی سه‌رنج و تێبینیی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و وه‌زیرانی ئاماده‌بوو، خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا په‌سند كران، به‌مجۆره‌ شه‌ش ماده‌ی دیكه‌ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ په‌سندكرا و له‌ دانیشتنی دوێنێشدا سێ ماده‌ى لێ په‌سندكرا.
دواتر كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆى رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو دواخرا.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان