داواكارییه‌كانی مامۆستایانی ناڕازی گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی كوردستان

26/02/2018 12:49:00 م
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26/2/2018، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ ئازاد محه‌مه‌دئه‌مین، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی و جێگری  سه‌رۆك و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا و هه‌رسێ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان كرد.
له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ناوی شانده‌كه‌وه‌ یاداشتێكی سه‌باره‌ت به‌داواكارییه‌كانی مامۆستایانی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی گه‌رمیان، پێشكه‌ش به‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به‌بێبه‌ڵێنییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی عێراقى كرد كه‌ به‌رده‌وام له‌لێدوانه‌كانیدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌مووچه‌ى مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت، كه‌چی تا ئێستا له‌ قسه‌ زیاتر هیچی دیكه‌ نه‌بووه‌ و  ئه‌مه‌ش بۆته‌هۆی بێئومێدبوونی مامۆستایان  له‌ به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌تی عێراق و رایگه‌یاند: "ئه‌و بێبه‌ڵێنییانه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ مامۆستایان ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه‌ و ده‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگه‌چاره‌ی گونجاو بدۆزێته‌وه‌ بۆ پێدانی مووچه‌ به‌ مووچه‌خۆران به‌گشتی و مامۆستایان به‌تایبه‌تی".
له‌ یاداشته‌كه‌یاندا داوا له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان بۆئه‌وه‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و له‌ رۆژێكی دیاریكراوی مانگدا جێگیربكرێت و مانگانه‌ له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا بدرێت و یه‌كه‌م وه‌زاره‌تیش بێت له‌ خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌دا، بۆئه‌وه‌ی له‌وه‌ زیاتر پرۆسه‌ی خوێندن له‌و سنوورانه‌ په‌كی نه‌كه‌وێت.
له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، باسى له‌ رۆلی مامۆستایان له‌ بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازی كوردستان كرد له‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كاندا و رایگه‌یاند: "به‌بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ داواكارییه‌كانتان و سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانیشتان داواكاریی ره‌وان و مافێكی سه‌ره‌تایی هه‌موو مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ مووچه‌كانیان پێبدرێت، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بین بۆ دابینكردنی مووچه‌ و داواشی له‌ مامۆستایان كرد بگه‌ڕێنه‌وه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن بۆئه‌وه‌ی قوتابیان مافی ئه‌مساڵیان به‌فیڕۆ نه‌ڕوات".
پاشان بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌رۆڵی مامۆستایان له‌ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست كرد و رایگه‌یاند: "وه‌ك سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌ هه‌وڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌واد ده‌بین و داواكارییه‌كانتان ده‌گه‌یه‌نینه‌ حكومه‌ت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ كێشه‌ و داواكارییه‌كانتان".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ى به‌شێكی بوو، ئه‌ویش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی پێویستی سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانی هه‌رێم خسته‌ڕوو و  رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا بڕیاری خه‌رجكردنی پاره‌ی هاندانى مامۆستایان ده‌ركراوه‌ و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ڕێگه‌ی ئه‌و داهاته‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستماندایه‌ مووچه‌ی مامۆستایان و ته‌واوی مووچه‌ خۆرانى هه‌رێم دابین بكه‌ین".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا بڕیاردرا كه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌دا، یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت بێت  هه‌ر كاتێك كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی خشته‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان