پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكانى پەسند كرد

28/02/2018 06:52:00 ص
سەعات 10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2018/2/27، پەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆكایەتیی دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (13)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا. 
سەرەتا جێگری سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی كردەوە كە درێژكراوەی دانیشتنەكانی رابردوو بوو لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین وئیمتیازاتەكان. 
پاشان لەلایەن خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، پوختەی كۆنووسی دانیشتنی پێشووی پەرلەمان خوێندرایەوە، هەروەها ناوی ئەو ئەندامانەی پەرلەمانیش خوێندرایەوە كە لەدانیشتنی پێشوو مۆڵەت بوون یاخود ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون و ناوی ئەو ئەندامانەشی كە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ مۆڵەتیان وەرگرتبوو خوێندرایەوە. 
دانیشتنەكە كە به‌رده‌وامبوون بوو له‌سه‌ر گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان، كە هەریەك لە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری و كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و سەرۆكی دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم ئامادەیبوون. 
لە دانیشتنەكانی پێشوو هەشت مادە لە پڕۆژە یاساكە پەسند كرابوو بۆیە گفتوگۆكردن لەسەر بەشی پێنجەم كە تایبەتە بە بواری سەربازی و هێزی ئاسایشی ناوخۆ، مادەی نۆیەم ئەمەش بە پێی راپۆرتی شەش لیژنەی پەرلەمانی كە كراوەتە بنەما بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژە یاساكە دەستی پێكرد، كه‌ خۆی لە چوار بڕگە ده‌بینییه‌وه‌، ئەوانیش چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەكەكانی ژمێریاری لە گشت یەكەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەیەكەی ژمێریاریی هێزه‌كانی 70 و 80ی وەزارەتی پێشمەرگەش و خستەسەر یەكەی ژمێریاریی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە و پێویستە بخرێنە ژێر وردبینیی دیوانی چاودێریی دارایی و لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوه‌ ئاسانكاریی تەواو بكرێت بۆ وردبینی. 
بەشی شەشەمی پڕۆژە یاساكەش تایبەت بوو بە دەرماڵەكان، كە مادەی دەیەمی پڕۆژە یاساكە بوو بۆ رێكخستنەوەی سەرجەم دەرماڵەكان و راگرتنی رێنمایی و پەیڕەوەكانی بەدەر لە مەرج و پێداویستییەكانی هاتوو. 
هەژماركردنی خزمەت لە بەشی حەفتەمی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان مادەی یازدەیەم بوو ئەژماركردنی مووچەی بنەڕەتیی سەرجەم مووچەخۆران و هەڵوەشانەوەی گشت پلە و مەرتەبەی زێدەكی كە بەدەر لە یاسا كارپێكراوەكان دراوە بە مووچەخۆران لەگەڵ هەڵوەشانەوەی ساڵانی خزمەتی ئەژماركراو بۆ خزمەتی وەزیفی. 
مادەی دوازدەیه‌م بەشی هەشتەم سێ بڕگە و ئەحكامەكانی كۆتایی بوو. مادەی سێزدەیەمی پڕۆژە یاساكه‌ش دەڵێت، پێویستە پاشه‌كەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان_ عێراق بخرێتە حیسابێكی بانكیی تایبەت بەهەموو مووچەخۆران بەشێوەیەك كە مامەڵە پێكردنی بە پەیڕەوێك رێكبخرێت. 
لە مادەی چواردەیەمی پڕۆژە یاساكە بە سێ بڕگە باس لە دامەزراندن و خانەنشینكردنی بەڕێوەبەری گشتی و سەرووی ئەو پۆستە كراوە. 
مادەی پازدەیەم كاراكردنی سه‌ندوقی خانەنشینی هەرێم روونكراوەتەوە و لەمادەی شازدەیەم لە دوو بڕگە باس لە جێبەجێكردنی یاساكە و دەركردنی پەیڕەوێك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران كرا لەگەڵ جێبەجێكردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەكان. 
هەروەها لە مادەی حەڤدەیەم بە سێ بڕگە باس لە كاریگەرییەكان جێبەجێكردنی ئەم یاسایە و مافی تانە لێدانیش دراوەتە ئەو كەسانەی كە یاساكە دەیانگرێتەوە. بە پێی مادەی هەژدە هیچ كەسێك خانەنشین ناكرێت یا هەر ئیمتازاتێكی دیكەی دارایی لە ژێر هیچ پاسا و ناوونیشانێك ئەگەر پێشتر بە شایستەبوونی یاسایی لە تۆمارەكانی داتابەیسی سیستەمی بایۆمەتری پەیڕەوكار و لەلایەن حكومەتی هەرێم تۆمار نەكرابێت. 
لە مادەی نۆزدەیەم باس لەو بڕە پارەیە كراوە كە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و لە مادەی بیستەمیش دەڵێت، كار بە هیچ دەقێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك ناكرێت لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە. مادەكانی بیست و یەك، بیست و دوو، بیست و سێ ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەو دەردەكات بۆ ئاسانكاری لە جێبەجێكردنى لەماوەی 30 رۆژدا و لایەنە پەیوەندیدارەكان حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن لە رێكەوتی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان.
سه‌رجه‌م ئه‌و مادانه‌ى كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كردوون دوای گفتوگۆكردنیان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و وه‌زیرانی ئاماده‌بوو، دوای داڕشتنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ به‌ ره‌چاوكردنی سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازه‌كانی ئاماده‌بووان و خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌ جیا په‌سند كران، به‌مجۆره‌ كۆی پڕۆژه‌ یاساكه‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و په‌سند كران و بەمشێوەیە دانیشتنه‌كه‌ كۆتایی پێهات.

رۆژمێرى رووداوه‌كان