پەیامی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا

04/03/2018 08:10:00 م
بەبۆنەی 27 ەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی كوردستان لە 5ی ئاداری 1991، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادە سەربەرزەكانی شەهیدانی كوردستان و کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و ڕاپەڕین و پێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەری گەلی كوردستان بەگشتی و جەماوەری شاری "رانیە"ی دەروازەی ڕاپەڕین بەتایبەتی دەكەین. 
  ڕاپەڕینی ساڵی 1991 وەرچەرخانێكی میژوویی گرنگ بوو بەری خەبات و خۆڕاگریی گەلەکەمان بوو  دژی زولم و ستەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی  سەدام، کە بە یەکڕیزی میللەتەکەمان و هاوخەباتی لایەنە سیاسییەکان بەدەستهات و بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 دا و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان قۆناغی حوکمڕانەی ئازادانە  و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان دەستی پێکرد.    لەم قۆناغە هەستیارو پڕِ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییانەی ئەمڕۆ  عیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتۆتەوە، هەقە هەموولا بە گیانی رۆژانی راپەرین  کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکەن و کاری جدیش بکرێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی  کۆمەڵانی خەلك و بەرەنگاربوونەوەی  گەندەڵی و  دابینکردنی  دادپەروەری و سەروەریی یاسا. 
 هەرچەندە هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر داعش بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا هەرەشەو مەترسیی گەورەی تیرۆریستان و دوژمنان لەسەر هەرێم و دەسکەوتەکانی راپەرین و مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان کۆتایی نەهاتووە، هیواخوازین هێزو لایەنە سیاسییەکان گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیان بكەنە هەوێنی تەبایی و یەكڕیزی و خۆڕاگری بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و مافە رەواكانی گەلەكەمان و هەنگاونان بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاڵۆز و  بارە نائاساییەی کە لەناوچە  کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم  لە ئارادایە و  چارەسەركرنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكاندا. جونکە ڕاپەڕین ئەو راستییەی سەلماند كە تەنیا بە یەكڕِیزیی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان دەتوانرێت سەركەوتنی گەورە تۆمار بكرێت. 
جارێکی تر سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان دادەنوێنین و سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان.
 سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
4/3/2018

رۆژمێرى رووداوه‌كان