پەیامی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادارو ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی شاری هەولێر

10/03/2018 05:01:00 م
به‌بۆنه‌ی ساڵیادی راگه‌یاندنی رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئادار و ساڵیادی راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی شارى هه‌ولێر، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
پەیامی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار و ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی شاری هەولێر
لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی "ڕێككەوتننامەی 11 ی ئادار" دا، سڵاو و بیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلی كوردستان بەگشتی و خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بەتایبەتی، دەكەین.
ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، بەرهەمی خەباتی گەلی كوردستان و خوێنی هەزاران شەهید و فیداكاریی پێشمەرگە دلێرەكانی میللەتەكەمان بوو. بەدەستهێنانی ئەم دەستكەوتە مێژووییە هەنگاوێكی سیاسیی بوێرانەی شۆڕِشی مەزنی ئەیلوول بوو، ئەو شۆڕِشەی كە رژێمی ئەوسای بەغداى ناچاركرد ملكەچی ئیڕادەی گەلی كوردستان بێت و بۆ یەكەمجار دان بە مافە ڕەواكانی، سیاسی و نەتەوەیی و ئیداری و كەلتووریی ئەم گەلە بنێت.
هاوكات، ئەمڕۆ یادی " 27 " ساڵەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی شاری هەولێری خۆشەویست دەكەینەوە، كە لە رۆژی 11ی ئاداری 1991دا و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و بەیەك ئاراستە و یەكدەنگ شارەكەیان لە دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی بەعس پاككردەوەو ئەو راستییەیان سەلماند كە هیج هێزێك ناتوانێت ڕێگری لە ئیڕادەو خواستی ئازادیی خەڵكی كوردستان بكات.
دوابەدوای راپەرینیش و لە ساڵی 1992دا، جەماوەری كوردستان لە ئاهەنگێكی دیموكراسیدا بەئاراستەی سه‌ندوقەكانی دەنگدان چوون بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان، كە سیستەمی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە دەستكەوتەكانی ئەم میللەتە و بنەماكانی رێككەوتننامەی 11ی ئادار.  
ئەمڕۆش، عێراق و ناوچەكە بەگشتی گۆڕِانكاریی سیاسیی گەورە بەخۆوە دەبینێت. ئەمەش وا پێویست دەكات میللەتەكه‌مان سوود لە هەموو  وەرچەرخانەكان وەربگرێت و بە یەكڕیزی و یەك گوتارى و بە وشیارییەوە بەرەنگاری پیلانەكانی ناحەزان ببێتەوە و لە ئاست ئەو پێشهاتانەدا بێت و ئامانجەكانی شۆڕِش و ڕاپەرینەكانی بكاتە هەوێنی كاركردن لە پێناو بەدیهێنانی هیوا و ئاواتەكەی و دابینكرنی ژیانێكی شایستەو بەختەوەر.
بەرز و پیرۆزبێت ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ی ئادار و ڕزگاركردنی شاری هەولێر، پایه‌تەختی هەرێمی كوردستان، سەری رێزو نەوازیش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای سەروەریی كوردستان دادەنوێنین.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
11/3/2018

رۆژمێرى رووداوه‌كان