شاندى په‌رله‌مان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا كۆبۆوه‌
پێشکه‌شکردنی دوو ڕاپۆرت ده‌رباره‌ی پێشلێکاریی ده‌ستووری و جینۆسایدی شنگال و خورماتوو

14/03/2018 09:43:00 م
له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، شاندی په‌رله‌مانی کوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و خاتوو بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رۆکی چه‌ند فراکسیۆن و لێژنه‌یه‌کی په‌رله‌مان و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا، له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ لیند سه‌ی هویل، جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته کۆبۆوه‌.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمی کوردستان کرا و پڕۆسه‌ی سیاسی و کێشه‌و گرفتی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق ته‌وه‌ری سه‌ره‌کیی گفتوگۆکان بوو.
جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا، ڕێزو ستایشی بۆ بڕیاری خه‌ڵکی کوردستان و ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم هه‌بوو، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه ‌و سه‌رنجی که‌سیی خۆشی له‌مه‌ڕ ڕووداوه‌کانی مێژوو خسته‌ڕوو که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رحه‌ق به‌ کوردستان و دابه‌شکردنی وڵاتی کوردستان له‌ ڕابردوو، کارێکی نادروستیان کردووه‌ و به‌ کارێکی خراپی له‌قه‌ڵه‌مدا و هیوای خواست ئه‌و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌ دووباره ‌نه‌بێته‌وه ‌و راستبکرێته‌وه‌.
له‌کۆتایشدا شاندی په‌رله‌مانی کوردستان، دوو ڕاپۆرتیان ده‌رباره‌ی پێشێلکارییه‌ ده‌ستوورییه‌کان و جێنوسایدی شنگال و خورماتوو پێشکه‌ش به‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا کرد.

رۆژمێرى رووداوه‌كان