لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبۆوه‌

17/04/2018 02:47:00 م
به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ ره‌وشی مامۆستایان، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2018/4/17، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی د.ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سمۆ، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ل‌‌َ سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ره‌وشی مامۆستایانی كوردستان به‌ گشتی گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا و وه‌فدی میوان داوایان له‌ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ كرد كه‌ پڕۆژه‌ یاسای پارێزبه‌ندیی مامۆستایان  واژۆى بۆ كۆبكرێته‌وه‌ و بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی په‌سندكردنی، مه‌به‌ست له‌ خستنه‌ڕووى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش بۆ پاراستنی شكۆ و كه‌ڕامه‌تی مامۆستایانه‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌فدی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان داوایان له‌ لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان كرد هه‌وڵی خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ  بۆ نه‌هێشتنی پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ی مامۆستایان.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ وێڕای به‌رزهه‌ڵسه‌نگاندنی رۆلی مامۆستایان له‌ په‌روه‌رده‌كردن و فێركردنی رۆله‌كانی گه‌له‌كه‌مان، به‌ڵێنیان به‌ شانده‌كه‌ى سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان دا كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ى داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان