لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی پێشوازی له‌شاندێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات

08/05/2018 02:34:00 م
به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی میكانیزێك بۆ رێكخستنه‌وه‌ی موڵكه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ى حه‌جی ئه‌مساڵ، لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.سیراج شێخ ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، پێشوازی له‌شاندی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینیی ئه‌نجوومه‌نى پارێزگای هه‌ولێر كرد كه‌ پێكهاتبوون له‌یاسین مزوری سه‌رۆكی لیژنه‌ و غازی عه‌لی و رازاو شازاد ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌.
له‌ دیدارێكدا كه‌ له‌ هۆڵی لیژنه‌ى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینیی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو،  باس له‌  دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێك كرا سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنه‌وه‌ و خستنه‌گه‌ڕی ئه‌و موڵكانه‌ی سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینین، له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ چاره‌سه‌ركردنی ناوی ئه‌و 120 هاووڵاتییه‌ كرا كه‌ ناویان بۆ فه‌ریزه‌ی حه‌جی ئه‌مساڵ ده‌رچووه‌ و رێگه‌یان پێنادرێت سه‌فه‌ر بكه‌ن، رێكخستنه‌وه‌ی تیروپشكی فه‌ریزه‌ی حه‌جی ساڵی داهاتووش به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆكانی دیداره‌كه‌ بوون.
هاوكات بریاردرا له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ بانگهێشتی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكرێت . 

رۆژمێرى رووداوه‌كان