جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە سەرۆكی رێكخراوی Wings of help ی ئەڵمانی دەكات

25/06/2018 04:41:00 م

ئەمڕۆ دووشەممە 25/6/2018 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە " فرانك فرانكی" سەرۆكی رێكخراوی  Wings of help ی ئەڵمانی وجێگرەكەی " ماریا لویس" كرد.

لە سەرەتای دیدارێكدا، بە ئامادەبوونی " مووسا ئەحمەد " بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی دەزگاكە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆكی رێكخراوی  Wings of help، كە رێكخراوێكی خێرخوازیی ئەڵمانییە و كاری هاوكاریكردنی خاوەن پێداویستی و پەنابەران و ئاوارەكانی شەری داعش لە كوردستان و عێراق ئەنجامدەدات، دەربڕی و وتی:" ئێمە شانازیی بە دۆستی وەكو ئێوە دەكەین و هیواخوازین ئەم هەماهەنگییە بەردەوامبێت بۆ خزمەتكردنی ئاوارەكان و كەمكردنەوەی ئێش و ئازاریان و ئەم سەردانەش خۆی لە خۆیدا پەیامێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و پردێكی شارستانیە لە نێوان كوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەشی بەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كرد كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستانیان كردووە و وتی: "ئەو خەڵكانە زۆر ئازاریان بینیوە و بە ئاسانی نا گەرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، چونكە ئاسایش و ئارامی لە شوێنانە جێگیر نییە هەروەها خزمەتگوزارییەكانیش لە ئاستێكی زۆر لاوازدان"، لە هەمان كاتدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەو ئەركە پیرۆزەی كە ئەنجامیدەدات بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان.

لە لایەن خۆشیەوە  " فرانك فرانكی" سەرۆكی رێكخراوی  Wings of help ی ئەڵمانی سوپاسی  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە و رایگەیاند كە رێكخراوەكایان بەردەوامدەبێت لە یارمەتیدان و هاوكاریكردنی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان .   


رۆژمێرى رووداوه‌كان