پڕۆژه‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی ئاو تاووتوێ كرا

27/06/2018 04:03:00 م
به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پرۆژه‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27/6/2018، هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروبارى  یاسایی و  لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و ئاودێری و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیى د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و یه‌عقوب گۆرگیس، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و ئاودێری و به‌نداوه‌كان و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌  كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراوه‌و  خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میشی بۆ كراوه‌ و ئاراسته‌ی هه‌ردوو لیژنه‌ی یاسایی و كشتوكاڵ كراوه‌.
پڕۆژه‌كه‌ باس له‌ ڕێكخستن و پاراستن و سوودوه‌رگرتنی زیاتر له‌ سه‌رچاوه‌كانى ئاو ده‌كات، كه‌ هانده‌رێك ده‌بێت بۆ بووژانه‌وه‌ی زیاتری كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان