پرۆژه‌ یاساى درێژكردنه‌وه‌ی كاركردن به‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا

01/07/2018 02:45:00 م
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2018/07/01، په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (2)ى ئاساییی خولی به‌هاره‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.(زیاتر...)
سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ پێنج خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ژماره‌ (3)ی ساڵی 2006 له‌ هه‌رێمی كوردستان)، به‌پێی ماده‌كانی (72، 74و 75) له‌ په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1) ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌میش تایبه‌ت بوو به‌پڕۆژه‌ یاسای گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ی پڕۆژه‌ یاسای (هه‌مواری سێیه‌می یاسای پارێزه‌رایه‌تی ژماره‌ (17) ساڵی 1999ی هه‌مواركراو له‌ هه‌رێمی كوردستان)، به‌پێی ماده‌كانی (72، 74و 75) له‌ په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1) ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ی پڕۆژه‌ یاسای (هه‌مواری چواره‌می یاسای سندوقی خانه‌نشینیی پارێزه‌رایه‌تی ژماره‌ (18)ی ساڵی 1999ی هه‌موواركراو له‌ هه‌رێمی كوردستان)، به‌پێی ماده‌كانی (72، 74و 75) له‌ په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1) ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی چواره‌میش بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای پارێزگاری له‌تۆره‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و خاڵی پێنجه‌م و كۆتاییش تایبه‌تبوو به‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئاماده‌كراوه‌.
له‌ده‌سپێكی دانیشتنه‌كه‌دا خاتوو بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان پوخته‌ی كاره‌كانی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستانی خسته‌ڕوو. 
دواتر د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خسته‌ڕوو، داوا له‌ لیژنه‌ی یاسایی و ناوخۆ كرا خوێندنه‌وه‌ بۆ پرۆژه‌ یاساى درێژكردنه‌وه‌ی كاركردن به‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ژماره‌ 3ی ساڵی 2006 بكات و دواتر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر برگه‌و مادده‌كانی پرۆژه‌كه‌ كرا كه‌ له‌ 3 مادده‌ پێكهاتبوو: مادده‌ی یه‌كه‌می تایبه‌تبوو به‌كاركردن به‌حوكمه‌كانی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ژماره‌ 3ی ساڵی 2006 و وه‌كو خۆی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو دوو مادده‌كه‌ی دیكه‌ش تایبه‌تبوون به‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كان و له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی ده‌رچوون و به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكران. دواتر كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ خاڵی دووه‌میش كه‌ ایبه‌ت بوو به‌ پرۆژه‌ یاسای گفتوگۆكردنی پرۆژه‌ی پڕۆژه‌ یاسای (هه‌مواری سێیه‌می یاسای پارێزه‌رایه‌تی ژماره‌ (17) ساڵی 1999ی هه‌مواركراو له‌ هه‌رێمی كوردستان)، داوا له‌ لیژنه‌ی یاسایی كرا خوێندنه‌وه‌ بۆ پرۆژه‌ یاساكه‌ بكات و دواتر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر برگه‌و مادده‌كانی پرۆژه‌كه‌ كراو 8 مادده‌ له‌پرۆژه‌ یاساكه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر دراو په‌سندكران، كه‌ مادده‌كان تایبه‌تبوون به‌ رێكخستنه‌وه‌ی شێوازی كاری پارێزه‌رایه‌تی و دوای جێكردنه‌وه‌ی تێبینیی په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان په‌سندكردنی زۆربه‌ی مادده‌كانیش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو.
دواتر سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێناو بڕیاریشه‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌ 02/07/2018 دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌ بۆ ته‌واوكردنی  گفتوگۆكردنی پرۆژه‌ی پرۆژه‌ یاسای (هه‌مواری سێیه‌می یاسای پارێزه‌رایه‌تی ژماره‌ و ته‌واوكردنی خاڵه‌كانی دیكه‌ی به‌رنامه‌ی كار.

رۆژمێرى رووداوه‌كان