ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێشوازی له‌شاندێكی ئۆفیسی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ یوئێن ده‌كات

04/07/2018 05:14:00 م
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 4/7/2018، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان و دكتۆر محه‌مه‌د عه‌لی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ یۆشینكۆ حه‌سومی، سه‌رۆكی ئۆفیسی مافه‌كانی مرۆڤ  له‌ یوئێن و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌دیدارێكدا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی و به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتن و پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ یۆشینكۆ حه‌سومی، كرد بۆ وه‌رگرتنی به‌رپرسیاریه‌تیی ئۆفیسی مافه‌كانی مرۆڤ له‌یوئێن و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ پۆسته‌كه‌یداو ئاماژه‌ی به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مان و یوئێن كرد له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كه‌ وایكردووه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سوپاسه‌وه‌ بڕوانێته‌ ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییانه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری مافی مرۆڤدا.
سه‌باره‌ت به‌ درێژكردنه‌وه‌ی كاركردن به‌ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا تیرۆر هه‌ره‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی بۆیه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و یاسايه به‌ركار بكه‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بۆشایی یاسایی دروست نه‌بێت و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌مواری یاساكه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و داواشی له‌ شاندی میوان كرد هاوكاربن له‌ هه‌موو جۆره‌ پرۆژه‌یه‌ك و پێشنیازێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و مافی مرۆڤ بێت".
گووتیشی: "له‌ماوه‌ی رابڕدوودا یاداشتێكان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان كردبوو له‌ناو هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌ و ئاراسته‌ی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ كرا، به‌ گرنگه‌ییوه‌ ده‌ڕوانینه‌ یاداشته‌كانتان".
پاشان خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، كورته‌یه‌ك له‌ كاره‌كان و رێكاره‌ یاساییه‌كانى ناو په‌رله‌مانى بۆ شاندی میوان شیكرده‌وه‌ و رۆڵی ئۆفیسی مافه‌كانی مرۆڤى له‌ یوئێن به‌رزنرخاند كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌ و هیوای خواست ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وام بێت و ئاماژه‌ی به‌و یاسایانه‌ كرد كه‌له‌ماوه‌ی رابردوودا په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردوون، به‌تایبه‌تی یاسای توندوتیژیی خێزانی و هه‌روه‌ها چه‌ندین پڕۆژه‌ و یاسای تر كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك  و به‌رجه‌سته‌كردنی مافه‌كانی مرۆڤدا بووه‌.
هه‌رله‌دایداره‌كه‌دا داوا له‌ ئۆفیسی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ یوئێن كرا هه‌وڵی جدی بده‌ن و له‌ خه‌می زیاتر ئه‌و خه‌ڵك و پێكهاتانه‌دا بن كه‌ له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستاندان و له‌ بارودۆخێكی زۆر خراپدا ده‌ژین و جۆره‌ها كێشه‌یان هه‌یه‌ و هه‌ره‌شه‌یان له‌سه‌ره‌ و پێویسته‌ چاره‌نووسیان دیاری بكرێت و ئه‌و كێشانه‌شیان چاره‌سه‌ربكرێت.
 پاشان یۆشینكۆ حه‌سومی، سه‌رۆكی ئۆفیسی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ یوئێن، سوپاس و پێزانینی خۆی گه‌یانده‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ و رایگه‌یاند: "سوپاسی خۆمانتان ئاراسته‌ ده‌كه‌ین به‌ خوێندنه‌وه‌ی یاداشته‌كه‌مان ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی گرنگیپێدانی په‌رله‌مانه‌ بۆ  به‌رجه‌سته‌كردنی مافه‌كانی مرۆڤ و له‌ماوه‌ی رابڕدوودا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی زۆر باش هه‌بووه‌ و ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و كاری گرنگتان ئه‌نجام داوه‌ و هیوای به‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازین". 
سه‌باره‌ت به‌داواكارییه‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆ ئاواره‌كان و خه‌ڵكی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانیش، حه‌سومی رایگه‌یاند: "په‌رۆشن بۆ ئه‌و بارودۆخه‌و هه‌وڵه‌كانی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ریكخراوه‌كانی تری نێو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هاوكاری و رێگه‌چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزینه‌وه‌".

رۆژمێرى رووداوه‌كان