به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ پڕۆژه‌ یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم په‌سندكرا

11/07/2018 05:22:00 م
سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2018/7/11، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (6)ى ئاسایی خولی به‌هاره‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ یاسای (هه‌موارى په‌یمانگه‌ی دادوه‌رى له‌ هه‌رێمی كوردستان)، به‌پێی مادده‌ى (71) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای (هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم)، به‌پێی ماده‌كانى (75،74،72) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنى پڕۆژه‌ بڕیارى (پێشوازى به‌پێی پرۆتۆكۆل له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان و خاڵه‌ سنوورییه‌كان تایبه‌ت به‌ پێشوازی له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و هاوتا وه‌زیفییه‌كانیان)، به‌پێی ماده‌كانى (75،74،72) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانى كوردستان  ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو، خاڵى چواره‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئاماده‌كراوه‌، به‌پێی بڕیاری ژماره‌ (26)ى ساڵی 2014 و بڕگه‌ی (8) له‌ ماده‌ی (په‌نجا و شه‌شه‌م)ى یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ ماده‌ی (94)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو.
پاشان له‌لایه‌ن خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، پوخته‌ى كۆنووسی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مانیش خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌دانیشتنی پێشوو مۆڵه‌ت بوون یاخود ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نه‌بوون و ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌شی كه‌ بۆ دانیشتنی ئه‌مڕۆ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتبوو خوێندرایه‌وه‌.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاسایی خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای هه‌موارى په‌یمانگه‌ی دادوه‌رى له‌ هه‌رێمی كوردستان كراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی كرا بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.
 
 
خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، لیژنه‌ی كاروباری یاسایی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ ماده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ كرد كه‌ له‌ 5 ماده‌ پێكهاتووه‌ و له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رگای گفتوگۆ بۆ تاووتوێكردنی ماده‌ و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ كرایه‌وه‌ و ماده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه‌ كه‌تایبه‌تبوو به‌ دواخستنی كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی لێنه‌كراو به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا. 
ماده‌ی دووه‌می پڕۆژه‌كه‌ش تایبه‌تبوو به‌كاركردن به‌یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم ژماره‌ 2ی ساڵی 2017، دوای داڕشتنه‌وه‌و زیادكردنی بڕگه‌یه‌ك بۆ گرێدانی كاره‌ كارگێڕى و ئیدارییه‌كانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا. 
مادده‌ی سێیه‌میش تایبه‌تبوو به‌كاتی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، دوای جێگیركردنی ده‌سته‌واژه‌ی "له‌ماوه‌ی دوو خولی گرێدانی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی داهاتوو"، به‌م گۆڕانكارییه‌وه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ئه‌و ماده‌یه‌ش په‌سندكراو ماده‌كانی چواره‌م تاشه‌شه‌میش له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن تایبه‌تبوون به‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كان و به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سندكردنی هه‌ر یه‌كێكیشیان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو.
دواتر سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كۆی پڕۆژه‌كه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا. 
خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنى پڕِۆژه‌ بڕیارى (پێشوازى به‌پێی پرۆتۆكۆل له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان و خاڵه‌ سنوورییه‌كان تایبه‌ت به‌ پێشوازی له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و هاوتا وه‌زیفییه‌كانیان)، پڕۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌ 5 خاڵ پێكهاتبوو، خاڵه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می تایبه‌تبوون به‌چۆنیه‌تیی رێكخستن و په‌یڕه‌وكردنی پێشوازییه‌كان به‌پێی پرۆتۆكۆل و خاڵه‌كانی دیكه‌ له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن تایبه‌تبوون به‌حوكمه‌ كۆتاییه‌كان و له‌گه‌ڵ زیادكردنی خاڵێك بۆ پڕۆژه‌كه‌، بڕگه‌و خاڵه‌كان به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سندكردنی هه‌ر یه‌كێكیشیان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو. 
دواتر سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كۆی پڕۆژه‌كه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا، به‌مشێوه‌یه‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان هاتوو كۆتا خاڵی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ كه‌ تایبه‌تبوو به‌ گفتوگۆكردنی پڕِۆژه‌ى په‌یڕِه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان دواخرا بۆ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 15/07/2018.

رۆژمێرى رووداوه‌كان