پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مان و بانكی نێوده‌وڵه‌تی تاووتوێ كرا

01/08/2018 10:42:00 ص
سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ 2018/8/1، لیژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی مه‌له‌فه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و كاركردن له‌سه‌ر پرسه‌ ئابوورییه‌كان له ‌پرۆسه‌ی یاسادانان، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ راوێژكار له‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی میچێل ئۆبراین، كۆبوونه‌وه‌.
وه‌فده‌كه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی دوو كۆبوونه‌وه‌یان له‌ته‌لاری په‌رله‌مان ئه‌نجامدا، له‌كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د.عیزه‌ت صابر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و فوئاد ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، وه‌فده‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مان‌ چۆنیه‌تیی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولاو ستراتیژییه‌تی كاری بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌داهاتوودا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراو بڕیاردرا په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌وامبن هه‌م بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی تواناكانی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ هه‌میش په‌ره‌پێدان به‌و توێژینه‌وانه‌ی كه‌ ره‌هه‌ندی ئابوورییان هه‌یه‌.
 
 
 
له‌كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌میشدا كه‌ له‌ هۆڵی ماده‌ی 140ی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران و به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئاماده‌یبوون، له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی چه‌ندین مه‌له‌فی په‌یوه‌ست به‌ریفۆرمی ئابووری له‌هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می تاووتوێكرا. 
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داواكرا بانكی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وام بێت له‌پشتگیریكردنى لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى په‌رله‌مان به‌تایبه‌تی له‌خولی داهاتووی په‌رله‌ماندا كه‌ كاری زۆرییان له‌پێشه‌. 
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ گه‌وره‌ راوێژكار له‌بانكی نێوده‌وڵه‌تی میچێل ئۆبراین، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ستراتیژییه‌ت و پلانی درێژخایه‌نییان هه‌یه‌ بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌وڵیشده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كان پێشبخرێن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان