په‌رله‌مانی كوردستان هه‌موارى په‌یڕه‌وی ناوخۆی ده‌رچوواند

15/08/2018 11:54:00 ص
به‌پێی حوكمه‌كانی ماده‌ی یه‌كه‌می یاسای ژماره‌ 2ی ساڵی 2017، یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 15/8/2018، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانی ده‌رچوواند. 
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئیمزای دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان،به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌و، هه‌موارى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانى ده‌رچوواند.
هه‌موارى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌ (8)ى ئاسایی رۆژی 17/7/2018، دوای ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانى و گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌ چه‌ندین دانیشتندا و ده‌نگدان له‌سه‌رى په‌سندكرا.
 
 
 
به‌وبۆنه‌یه‌شه‌وه‌ دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ستایشی هه‌وڵ و ماندووبوونی لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ كرد بۆ به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌ركه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و رایگه‌یاند: "ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ده‌سكه‌وتێك بۆئه‌وه‌ی باشتر كاره‌كانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ بچن".
هه‌روه‌ها سوپاسی یه‌كه‌یه‌كه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ی كرد بۆ درافت و پێشنیازه‌كانیان.
هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌ لیژنه‌كه‌ رایگه‌یاند: "هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان سه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌و خوله‌ى په‌رله‌مان و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ به‌كارى په‌رله‌مان ده‌كات له‌ داهاتوودا و ده‌بێته‌ جێگه‌ی متمانه‌ى زیاتری خه‌ڵكی كوردستان".

رۆژمێرى رووداوه‌كان