جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە جێگری نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات

15/08/2018 03:57:00 م

ئەمڕۆ 15/8/2018 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بە ئامادەبوونی خاتوو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان، پێشوازیی لە خاتوو ئەلیس ووڵپوڵ جێگری نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی كرد.

لە دیدارێكدا، كە خاتوو ڤاڵا فەرید سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ئامادیبوو، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی خاتوو ئەلیس بۆ كوردستان دەربڕی و ئەم سەردانە بە هەنگاوێكی گرنك وەسفكرد و تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی پەیوەست بە رەوشی سیاسی و مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی نێوان پەرلەمانی كوردستان و رێكخراوی UNAMI  . جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەو پێشێلكارییانە كرد كە لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم دژ بە مافەكانی مرۆڤ و لەم بارەیەوە نیگەرانی پەرلەمانی كوردستان بەرامبەر ئەم پێشێلكارییانە دەربڕی، هەروەها ئاماژەی بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرد و هەوڵەكانی پەرلەمان بۆ دەرچواندنی یاسایەك كە لە گەل ستانداری نێودەوڵەتی بگونجێت، سەبارەت بە كەیسی ئێزدییان لە شنگال و ناوچەكانی تر، جێگری سەرۆكی پەرلەمان وتی: ئەم كەیسە كەیسێكی نێودەوڵەتییە چونكە ئەو جینۆسایدەی كە دەرهەق ئێزدییان كرا لە شەرێكی جیهانیی دژی تیرۆر بووە و لە سەر دەستی تیرۆریستان ئەنجامدراوە و پێویستە نەتەوەیەكگرتووەكان لەم بوارەدا رۆڵێكی زیاتر بگێرێت. لە لایەن خۆشیەوە جێگری نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی ئاماژە بە بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 2379 ی كرد كە تایبەتە بە ناردنی شاندێكی نێودەوڵەتی بۆ بەدواداچوونی كەیسەكانی مافەكانی مرۆڤ و جینۆساید لەو ناوچانەی كە تیرۆریستانی داعش تاوانیان ئەنجامداوە و چۆنیەتی دادگاییكردنی تاوانبارەكان و زەمینەخۆشكردن بۆ گەرانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان بە هەماهەنگی لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها ئامادەیی خۆشیان دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە رێی ناردنی چاودێرە نێودەوڵەتییەكان. لە كوتاییشدا سوپاسی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە و یارمەتیدانی بەردەوامی تیمەكانی UNAMI .     


رۆژمێرى رووداوه‌كان