جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەشداریی لە كۆنفرانسێك دەربارەی سیستەمی كۆتا دەكات

16/08/2018 04:56:00 م

ئەمڕۆ 16/8/2018 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەشداریی لە كۆنفرانسێك لە ژێر ناوی" سیستەمی كۆتا: سنوورداركردن یان دەستەبەركردنی نوێنەرایەتی كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان لە هەرێمی كوردستان" كرد، كە " هزرسازی ئۆپن" لە هۆتێلی رۆتانا رێكیخستبوو.

لە پەنێلی یەكەمدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سیمینارێكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژە بە گرنگی ئەم جۆرە كۆنفرانسانە كرد، هەروەها تەئكیدی كردەوە كە ئەم پرسە پرسێكی هەمەلایەنە و دەبێت لە عیراق و هەرێمی كوردستان رەچاوبكرێت، چنكە پەیوەستە بە ئاستی رەسمی و ئاستی میللیش و بەشداری سیاسی لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدایە و بەشداری پێكهاتەكانیش بەشدارییەكی باشە لە بڕیاری سیاسی و نابێت ئەم بەشدارییە پەراوێزبخرێت. جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەروەها دووپاتیكردەوە كە هیچ مەترسییەك لە سەر كورسییەكانی كۆتاكان لەئارادا نییە و هیچ هەوڵێك یان ئیرادەیەكی سیاسی نییە بۆ كەمكردنەوەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان. لە تەوەرێكی تری سیمینارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تیشكی خستە سەر ئەو گرفتانەی كە لە ئارادان سەبارەت بە جێبەجێكردنی سیستەمی كۆتا لە كوردستان و لەم بارەیەوە ئاماژە بە نوێنەرایەتی كوردانی ئێزدی و پەیرەوكردنی لیستی كراوە لە هەڵبژاردنەكاندا و لە پەرلەمانی عیراقیش دەبێت كورسییەكانی كۆتا زیادبكرێت و ئەم زیادكردنەش هیچ لە مافی كورد كەمناكاتەوە.

هەر لە پەنێلەكەدا دكتۆر جەعفەر ئێمینكی وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە كە لە لایەن ئامادەبووان كۆنفرانسەكە ئاراستەی كران سەبارەت بە پەیرەوكردنی سیستەمی كۆتا لە كوردستان.  


رۆژمێرى رووداوه‌كان