شاندێكى لیژنه‌ی ناوخۆى په‌رله‌مان سه‌ردانی كۆیه‌ ده‌كات

10/09/2018 01:49:00 م
له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2018/9/10، شاندێكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانی شارى كۆیه‌-یان كرد به‌مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ رووداوى مووشه‌كبارانكردنی باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا).
مه‌به‌ست له‌سه‌ردانه‌كه‌ ئاماده‌كردنی راپۆرتێكه‌ له‌سه‌ر كۆى رووداوه‌كه‌ و ژماره‌ى قوربانییه‌كان و دواتر به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان.
شایه‌نی باسه‌ رۆژی شه‌مه‌ 2018/9/8، هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران مووشه‌كبارانی باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)یان كرد و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین كه‌س شه‌هید و برینداربوون، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی كرد و داوای وه‌ستاندنی پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی خاكی عێراقی كرد و ناڕه‌زایی خۆشی به‌رامبه‌ر به‌ به‌كارهێنانی خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ ده‌ربڕی.

رۆژمێرى رووداوه‌كان