شاندێكی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد

25/11/2018 02:04:00 م
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 25/11/2018، شاندێكی په‌رله‌مانى فه‌ره‌نسا كه‌ پێكهاتبوو له‌مارییل سارنیز، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌و به‌رگری له‌په‌رله‌مانی فه‌ره‌نساو هه‌ریه‌ك له‌ خاتوو دلفێن ئۆ و كلۆد گۆسگین، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا، به‌یاوه‌ریى باڵیۆزو كونسوڵی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن رێڤنگ محه‌مه‌د هرورى، به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامى خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌مى په‌رله‌مان و هه‌ریه‌ك له‌ هێمن هه‌ورامی و بێگه‌رد تاڵه‌بانی و عه‌بدولسه‌تار مه‌جیدو سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی كریستیان و توركمان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازییان لێكرا.
له‌دیدارێكدا سه‌رۆكی كاتیی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان و به‌رزنرخاندنی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانى كوردستان، باسی له‌ په‌یوه‌ندیی مێژوویی و له‌ مێژینه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و گه‌لی فه‌ره‌نسا كرد و سوپاس و پێزانینی په‌رله‌مان و گه‌لی كوردستانى بۆ حكومه‌تی فه‌ره‌نسا ده‌ربڕی بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆردا.
 هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی كاتیی په‌رله‌مان كورته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و فراكسیۆنه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی  بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌نگاوه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسكرد و رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا گفتوگۆ له‌ نێوان لایه‌نه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌ستیان پێكردووه‌ بۆ بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هیوادارین به‌زووترین كات لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی ئه‌و كابینه‌یه‌".
پاشان هه‌ریه‌ك له‌ فراكسێۆنه‌كانی به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سوپاس و ستایشی حكومه‌ت و گه‌لی فه‌ره‌نسایان كرد بۆ ئه‌و هاوكاری و پشتگیرییانه‌یان بۆ دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد و هه‌رێمی كوردستان له‌ڕابردوو و له‌ئێستادا و هیوایان خواست و داوایانكرد وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ فه‌ره‌نسا رۆلی هه‌بووه‌ له‌ پشتگیریكردنى له‌ دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان له‌ داهاتووشدا هه‌ر به‌رده‌وام بێت.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا مارییل سارنیز، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ ده‌ربڕی و هیوای خواست هه‌رێمی كوردستان زیاتر به‌ره‌وپێش بچێت له‌گشت بواره‌كاندا و پشتگیریی خۆشیانى بۆ  په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌سه‌ر پته‌وكردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا كرده‌وه‌ و هیوای خواست كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تى عێراق به‌روه‌پێشتر بچن  و داوای له‌فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستانیش كرد كه‌ به‌یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوانیان ده‌توانن خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان فه‌راهه‌م بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌هاوكاری و پشتگیرییه‌كانی حكومه‌تی فه‌ره‌نساش، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند: "حكومه‌تی فه‌ره‌نسا هاوكارو پشتیوانتان ده‌بێت له‌و بواره‌داو له‌گه‌ڵتان به‌رده‌وام ده‌بێت وه‌ك چۆن له‌رابڕدوو و له‌ ئێستادا هاوكارو پشتیوانتان بووه‌ له‌داهاتووشدا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌مانه‌وێت هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقیش له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێن".
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا دیاریی رێزلێنانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌ به‌شدار بووه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ شاندی میوان كرا.
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان