نادیه‌ موراد سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد

13/12/2018 12:29:00 م
سه‌عات 2ى پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 13/12/2018، نادیه‌ موراد، باڵیۆزی نیازپاكی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2018، سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن رێڤنگ محه‌مه‌د هرورى، به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان و سه‌رۆك و نوێنه‌رى فراكسیۆنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پێكهاته‌كانى توركمان و كلدان ئاشوور سریان پێشوازیی لێكرا.
له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان و سه‌رۆك و نوێنه‌رى فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ ئاماده‌ی دیداره‌كه‌بوون، پیرۆزباییان له‌ نادیه‌ موراد كرد به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2018 و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست، هه‌روه‌ها ئاماده‌یی خۆشیان بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارى و پشتیوانییه‌ك بۆ كارو چالاكییه‌ مرۆییه‌كانی له‌پێناو ئاشته‌وایی و خزمه‌تكردنی قوربانییانی ئێزدی و گه‌یاندنی ده‌نگیان به‌جیهان و هه‌وڵه‌كانی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرو به‌سزاگه‌یاندنی تیرۆریستانی داعش و به‌جینۆسایدناساندنی كه‌یسی ئێزدییه‌كان ده‌ربڕی و رۆلی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشیان له‌ رزگاركردنی شنگال و ده‌وروبه‌رى به‌رزنرخاند.
له‌به‌رامبه‌ردا نادیه‌ موراد، باڵیۆزی نیازپاكی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2018، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریى خۆی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌، كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ به‌سه‌رهات و تراژیدیای خۆی و ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش باسكردو تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی ئارامی و ئاشته‌وایی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدییان و گه‌ڕاندنه‌وه‌هى ئاواره‌كان بۆ زێدى خۆیان و پاراستنی سه‌قامگیری له‌و ناوچانه‌دا.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا نادیه‌ موراد، كۆپییه‌كی خه‌ڵاته‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرد و سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانیش درعێكی په‌رله‌مانى كوردستانى وه‌ك رێزلێنانێك به‌ نادیه‌ موراد به‌خشی.
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان