شاندێكی پەرلەمانی ئەڵمانیا سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد

18/12/2018 09:10:00 م
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 18/12/2018، شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا كه‌ پێكهاتبوو له‌ فرانك موله‌ر، له‌ پارتی (FDP)ى لیبرالیی ئه‌ڵمانی و تۆماس ئێرندل، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ئه‌ندامی پارتی CDU، پارتی جێگره‌وه‌ى ئه‌ڵمانی (كه‌ پارتێكی تازه‌ دامه‌زراوه‌) و پیته‌ر بایسترۆن، ئه‌ندامی پارتی AFD، کەنوێنەرایەتیی چەند فراکسێۆنێکی جیاوازیان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كرد، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردو لەلایەن رێڤنگ محه‌مه‌د هرورى، به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامى خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان، وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌مى په‌رله‌مان وبێگەرد تاڵەبانی  و ئومێد خۆشناو و سەلمه فاتح و ئایدن مەعروف و  كلارا عۆدیشۆ، ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مان و ژمارەیەک له‌ ڕاوێژکارانی په‌رله‌مان پێشوازییان لێکرا.  
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و عێراق و کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و مانەوەی هێزەکانی ئه‌ڵمانیاو بەردەوامبوونی مەشقپێکرنی هێزی پێشمەرگە و هاوخەباتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان و هەماهەنگیی کاری پەرلەمانی و بارودۆخی ناوچەکەو دۆستایەتیی نێوان پەرلەمانی ئەڵمانیا و پەرلەمانی کوردستان قسە و باسیان لەسەر کرا.
 
 
 
لەتەوەرێکی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بیروڕا لەبارەی ڕۆل و ئەرکی پەرلەمان لە خولی پێنجەم و هەنگاوەکانی تەواوکردنی پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووى هەرێم و هەڵبژاردنى ده‌سته‌ی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاڵوگۆڕکرا. 
وەفدی میوان خۆشحاڵیى خۆیان بەسەردانیكردنی په‌رله‌مان دەربڕی و هیوایان خواست بەزووترین كات حکومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنرێت و ئامادەیی خۆشیان بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی پەرلەمانی لەگەڵ هەرێم دەربڕی و داواشیان کرد کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەدیالۆگ چارەسەربکرێن، ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا كه‌ بڕیاری مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێم لە پەرلەمان دەدرێت، بۆیە هاتوون دەیانەوێ بزانن ئایا هەرێم پێویستیی بەمانەوەی ئەم هێزانە هەیە یاخود نا. 
نوێنەرانی فراکسیۆن و پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان سریان ئاشوور لە پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیایان بۆ هێزی پێشمەرگە کردو داوایانکرد ئەڵمانیا لەهاوکاری و مەشقپێكردنی هێزى پێشمه‌رگه‌ بەرده‌وام بێت، هه‌روه‌ها ئاماژەیان بە ئەرک و پڕِۆژە گرنگەکانی بەردەم پەرلەمان کرد و کورتە باسێکیشیان سه‌باره‌ت به‌ میژووی هاوخەباتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێم و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا پێشکەش کرد.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>