ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی هه‌رێمی كوردستان پشتگیری و پشتیوانیی خۆی بۆ چاكسازییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی

04/03/2019 02:50:00 م
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4/3/2019، د.ڤالا فه‌رید ابراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، له‌نووسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له‌ د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری.
له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكى ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی هه‌رێمی كوردستان وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، پوخته‌یه‌ك له‌ كاروباره‌كانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی هه‌رێمی كوردستانى روونكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر كاروباره‌كانی خۆی به‌رده‌وامه‌ و رۆژانه‌ به‌دواداچوون بۆ هه‌موو كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌ كاری ده‌سته‌كانییانه‌وه‌ ده‌كه‌ن".
ده‌رباره‌ی چاكسازییه‌كانی ناوپه‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند: "پشتگیری و پشتیوانیی خۆمان بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌رده‌بڕین بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ چاكسازی له‌ناوپه‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن". 
لای خۆشییه‌وه‌ د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دوای به‌خێرهێنانی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری،  باسى هه‌نگاوه‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان كرد بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ناو په‌رله‌مانى كوردستان و رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا ده‌ستمانكردووه‌ به‌ چاكسازی له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌مانه‌وێت به‌ رێكاری یاسایی و به‌هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان له‌ هه‌نگاوه‌كانمان به‌رده‌وام بین و دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش په‌رله‌مانی كوردستان هاوكارو پشتیوان ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ بابه‌تی چاكسازیی گشتگیر له‌ هه‌رێمی كوردستان".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>