كونسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات

04/03/2019 03:13:00 م
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و كونسوڵی گشتیی كۆمارى چینی میللی له‌ هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمارى چینی میللی ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4/3/2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌نووسینگه‌ی خۆی له‌ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له‌ نی رۆچی، كونسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری.
له‌ دیداریكدا نی رۆچی، كونسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی له‌ هه‌رێمی كوردستان، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، خۆشحاڵیی خۆی به‌بوونی ئافره‌ت له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌ربڕی و ئه‌و هه‌نگاوه‌ى به‌ رێزگرتن له‌ رۆلى ئافره‌ت و یه‌كسانیى نێوان ئافره‌ت و پیاو و  دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌سفكرد. 
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا، نی رۆچی، كونسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی له‌هه‌رێمی كوردستان، پوخته‌یه‌ك له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی كۆماری چین شیكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "كۆماری چین خۆشه‌ویستییه‌كی تایبه‌تیمان هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز و دیرۆكیمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و ده‌مانه‌وێت ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌مان په‌ره‌ پێبده‌ین له‌ رووی كاری په‌رله‌مانیی نێوان هه‌ردوو په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی كۆماری چین و هه‌روه‌ها سه‌رمایه‌داران و كۆمپانیاكانی كۆماری چین ئاماده‌ییان هه‌یه‌ بێنه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كاری وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن".
لای خۆشییه‌وه‌ د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی، نی رۆچی، كونسوڵی گشتیی كۆماری چین و شاندی یاوه‌ریى له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی به‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌ی كه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری چینی میللی هه‌یه‌ ده‌بڕی و رایگه‌یاند: "گرنگیی زیاتر به‌م په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌ده‌ین كه‌ له‌نێوانماندا هه‌یه‌ و كۆماری چین بۆ ئێمه‌ وڵاتیكی به‌هێزی پیشه‌سازی و زانستییه‌ ده‌مانه‌ویت سوود له‌ ئه‌زموونی وڵاتی چین وه‌ربگرین له‌گشت بواریكداو ده‌خوازین په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزمان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كۆماری چین هه‌بێت و په‌رله‌مانی كوردستان له‌ئێستادا خه‌ریكی دانانی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانییه‌تی و دوای ته‌واوبوونی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌په‌یوه‌ندی ده‌بین بۆئه‌وه‌ی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان سوود له‌ئه‌زموونی كۆماری چین و په‌رله‌مانی چین وه‌ربگرن له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕِه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان و  یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان".

رۆژمێرى رووداوه‌كان